ئەمەریکا هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر پێگەی حووسییەکان

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی ئاداری 2025 فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا زنجیرەک هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر پێگەی حووسییەکان لە پارێزگای سەعدەی یەمەن کرد.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی یەمەن، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا 17 هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی سەحار و ئال سالم لە کیتاف.

هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، هێرشیان کردە سەر شارۆچکەی حەرف سوفیان، کە دامەزراوە سەربازییەکانی حووسییەکانی لێیە.

لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکاوە چەندان جار هێرشی کراوەتە سەر سەعدە، هەروەها لە چەند کاتژمێری ڕابردووشدا بۆمبارانی شارەکە کراوە.

ڕۆژی سێشەممە،  12 هێرشی ئاسمانی کرایە سەر پارێزگای سەعدە لە یەمەن، کە لە هێرشەکاندا دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکان بە ئامانج گیراوە.

لە 15ی ئادارەوە ئەمەریکا هێرشی چڕی بۆ سەر حووسییەکان دەست پێکرد، لای خۆیانەوە حووسیەکان چەندجارێک وەڵامی هێرشەکانی ئەمەریکایان داوەتەوە، هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمەریکی لە دەریای سوور.

بە وتەی بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا لە هێرشە ئاسمانییەکان، چەند بەرپرسێکی حووسیەکانیان لەناو بردووە. بەڵام حووسیەکان کوژرانی 53 کەسیان لە هێرشەکانی ئەمەریکا ڕاگەیاند.

هەفتەی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سوێندی خوارد، حووسییەکان لەناو ببات کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و تارانیشی لە بەردەوامبوون و پشتیوانیکردنیان ئاگادار کردووەتەوە.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment