دانیشتووانی غەززە داوای دەرچوون و دەرکردنی حەماس دەکەن

هەزاران دانیشتووی فەڵەستینی لە باکووری کەرتی غەززە دژی بزووتنەوەی حەماس ڕژاونەتە شەقام و داوای ڕاگرتنی شەڕ و دەرکردنی حەماس لە کەرتەکە دەکەن.

ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی بڵاوی کردووەتەوە، فەڵەستینییەکانی دانیشتووی غەززە ئێوارەی ڕۆژ سێشەممە 25ـی ئاداری 2025 لە پلاتفۆرمی تێلیگرام لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە پەیامێکیان پێگەشتووە و داوای لێکردوون، ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی ئاداری 2025 لە چەند شوێنێکی جیاوازی کەرتی غەززە دژی حەماس خۆپیشاندان بکەن.

ئاژانسەکە ئاماژەشیداوە، زۆربەی ئەو کەسانەی لە بەیت لاهیا گردبوونەتەوە لە دروشمەکانیاندا دەڵێن "حەماس بۆ دەرەوە، حەماس تیرۆرستە". 

یەکێک لە خۆپێشاندەرەکان بە ناوی محەممەد دەڵێ: "نازانم كێ ئەو خۆپیشاندانەی ڕێکخستووە، بەڵام بە ناوی هەموو بەشداربووانەوە داوا دەکەم ئەو شەڕە ڕابگرن".

بە گوتەی محەممەد، بینیویەتی ژمارەیەک لە ئەندامانی حەماس بە جلوبەرگی هاووڵاتییانەوە بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکە کردووە.

مەجید، بەشداربوویەکی دیکەی خۆپیشاندانەکەیە و دەڵێت: خەڵک لەو بارودۆخە ماندووبووە، ئەگەر چەکدانانی حەماس کێشەکە چارە دەکات، بۆ لە پێناو پاراستنی خەڵک واناکات؟.

رۆژی شەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و ژمارەیەک چەکداری فەڵەستینیش تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل شەڕێکی خوێناوی دەستپێکرد.

بە پێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، لە سەرەتایی شەڕەوە زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون، بەڵام ئێستا تانیا 59 بارمتەی ئیسرائیلی لە زیندانەکانی حەماس ماون، کە 24ـیان تەندروستییان باش نییە.

بە گوێرەی ئاماری وەزارەتەکە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە، ژمارەی کوژراوان لە کەرتەکە بۆ 50 هەزار و 144 کوژراو و 113 هەزار و 704 بریندار بەرزبووەتەوە.