وەزیری بەرگری ئەمەریکا بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی نهێنی تۆمەتبار دەکرێت

بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا، لەسەر دزە پێکردنی زانیاریی نهێنی نێو گرووپچاتەکەی بەرپرسان، وەزیری بەرگری وڵاتەکەیان تۆمەتبار دەکەن.

تولسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی و جۆن ڕاتکلیف بەڕێوەبەری سی ئای ئەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند، هیچ زانیارییەکی نهێنی بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام دوای ئەوەی لەلایەن دیموکراتەکان فشاریان لێکرا، گوتیان ئەوە بەرپرسیارەتی پێت هێگسێت، وەزیری بەرگری ئەمەریکایە، کە دەبوایە کام زانیارییە بڵاو دەکاتەوە.

جۆن ڕاتکلیف، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی ڕاشیگەیاند، وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەسەڵاتی هەڵگرتنی زانیارییە نێهنییەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا هەیە، بۆیە ئەو بڕیار دەدات کام زانیاری نهێنی بڵاو دەکاتەوە.

گابارد لە وەڵامی پرسیار ئەوەی ئایە لە گرووپەکە زانیاری نهێنی بڵاو کراوەتەوە گوتی: من وەڵامی ئەو پرسیارە بۆ وەزیری بەرگری ئەمەریکا جێدەهێڵم.

لای خۆیەوە وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕەتیکردەوە زانیارییەکانی بڵاو کردبێتەوە و گوتی: هیچ کەس باسی لە پلانەکانی شەڕی لە گرووپچاتەکەدا نەکردووە.

جێفری گۆڵدبێرگ لە چاوپێکەوتنی تەلەڤزیۆنی لەگەڵ کەناڵی CNN وەڵامی وەزیری بەرگری ئەمەریکای دایەوە و گوتی: پیت هێگسێت ڕاست ناکات، ئەو لە گرووپچاتەکەدا باسی لە پلانی جەنگ کردووە.

سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئەتڵەنتیک ڕایگەیاند، وەزیری بەرگری ئەمەریکا دوای هێرشەکەی 15ـی ئەم مانگەی ئەمەریکا بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن، زانیاری نهێنی لە بارەی شوێنی ئامانجەکان و هێڕشەکانی ئەمەریکا لە گرووپەکە بڵاوکردووەتەوە.

ڕۆژی سێشەممە 25ـی ئاداری 2025، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، ڕەتی کردەوە لە گرووپچاتەکە هیچ زانیارییەکی نهێنی باس کرابێت.

لەو بارەیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە وەڵامی  پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا گوتی: هیچ زانیارییەکم لەو بارەیەوە نییە، بەڵام بە جیددی حەز بە ڕۆژنامەی ئەتڵەنتیک ناکەم.

جاک شومەر، سەرۆکی کەمینەی دیموکراتەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا، ڕەخنە لە هاوبەشکردنی ڕۆژنامەنووسیک لەو گرووپچاتە، بە بێئاگاداری پلانی جەنگی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی (پێنتاگۆن) دەگرێت و داوای "لێکۆڵینەوەی تەواو" لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەکات.

جێفری گۆڵدبێرگ، ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکی و نووسەر لە گۆڤاری "ئەتلانتیک" لە گوتارێکدا باسی لەوە کرد "ڕۆژی پێنجشەممە، 13-03-2025، لەلایەن بەرپرسێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمەریکاوە بە هەڵە خراوەتە نێو گرووپچاتێکی "سیگناڵ" کە تێیدا ژمارەیەک بەرپرسی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، زانیارییە تایبەتییەکانی هێرش بۆ سەر حووسییەکانی یەمەنیان، ئاڵوگۆڕ کردووە.