محەممەد شوکری: هەرێمی کوردستان سوود لە ئەزموونی قەتەر وەدەگرێت

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی سەرۆک وەزیران و سەردانەکەی بۆ وڵاتانی کەنداو هەنگاوێکە بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی ئەو وڵاتانە لە هەرێمی کوردستان زیاد بن و کەرتی ئابووری گەشە بکات.

چوارشەممە 26ـی ئاداری 2025، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئامانجی سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ قەتەر بۆ سوود وەگرتنە لە ئەزموون و شارەزایی بەڕێوبردنی ئابووری و بازرگانی و توانای وزەی ئەو وڵاتە.

هەروەها گوتی: ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران ئەوەیە وەبەرهێنانی قەتەری لە کەرتی ئابووری، کشتوکاڵی، گەشتوگوزار و وزە بێنێتە هەرێمی کوردستان، چونکە قەتەر لە ڕووی وەبەرهێنانەوە وڵاتێکی پێشکەوتووە و لە چەندین وڵات وەبەرهێنان دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان سوود لە بەرەوە پێشبردنی کەرتی ئابووری وەگرێت.

محەممەد شوکری ئاماژەشیدا، وڵاتانی کەنداو بەگشتی لە ڕووی ئابووریی و سیاسییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرگرنگن، هاوکات هەڵکەوتەی جوگرافیاکەی ستراتیجیەکەی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە وایکردووە کوردستان پێگە و ستراتیجیەکی تایبەتی لە ناوچەکەدا هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە ڕووی وەبەرهێنانەوە سوود لە ئەزموونی وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت ئیمارات و قەتەر وەربگیرێت.

ڕاشیگەیاند، پەیوەندییەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردەکانی سیاسی و ئابوورییەکانی کەنداو، دەبێتە هۆی ئەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان لە دهاتوودا سەقامگیر ببێت و وەبەرهێنان لە هەرێم زیاد بکات.

هاوکات باسی لەوەشکرد، ڕێژەی کۆمپانیای وڵاتانی کەنداو لە هەرێمی کوردستان تەنیا سەدا سێ بۆ چوارە، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا نیازیوایە سەردانی وڵاتانی کەنداو زیاد بکات بۆ ئەوەی ئەو ڕێژەیەوە لە هەموو کەرتەکان بەرزبکاتەوە.