ڕووسیا بۆ ڕازیبوون بە ئاگربەست لەگەڵ ئۆکرانیا مەرجی هەیە

ڕووسیا بۆ ڕازیبوون بە ئاگربەست لەگەڵ ئۆکرانیا مەرجی هەیە و داوا دەکات سزاکانی ڕۆژاوا لەسەر کەرتی کشتوکاڵ هەڵبگیرێن، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش دەڵێت نابێت بە فێڵەکانی ڕووسیا هەڵبخەڵەتێین.

چوارشەممە، 26ـی ئاداری 2025، دێمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کرێملن) ڕایگەیاند، لە بارەی هەڵگرتنی سزاکانی ڕۆژاوا لەسەر کەرتی کشتوکاڵی ڕووسیا، بە ڕژدی لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر هێڵین و باوەڕیشمان وایە کە سزاکان هەڵدەگیرێن.

هەروەها لەبارەی جێبەجێکردنی ئاگربەستی دەریای ڕەش گوتی: دوای ئەوەی مەرجەکانمان جێبەجێ کران ئاگربەستەکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.

هاوکات، لە ڕاگەینراوێکی دوێنێی کۆشکی سپی لەبارەی ئاگربەستی ڕووسیا و ئۆکرانیا باس لە هەڵگرتنی سزاکان نەکراوە، تەنیا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەمەریکا هاوکار دەبێت ڕووسیا دەستی بە بازاری جیهانی بکەوێت.

 ئانالینا بایربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، داوا لە ڕووسیا دەکەین کە بەبێ مەرج بە ڕێککەوتنەکە ڕازی بێت.

هەروەها ئاماژەشی دا، نابێت دایالۆگ لە ئاگربەستێک بکرێت کە داواکاری و مەرجی تێدا بێت، نابێت چیتر بە فێڵەکانی ڕووسیا هەڵەبخەڵەتێین.

سێشەممە 25ـی ئاداری 2025، کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەردوو لایەنی ڕووسی و ئۆکرانی لە ڕیاز، گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، کەشتییەکانیان لە دەریای ڕەش ڕووبەڕووی یەکتر نەبنەوە و ڕێگریی لە یەکتر نەکەن.