زیاتر لە 6 ھەزار زەوی كارت لە سنووری شارەوانی ھەولێر تاپۆ دەكرێن
لە سنووری شارەوانی ھەولێر نزیكەی 125 ھەزار پارچە زەوی كارت ههیه
K24- ههولێر:
دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان لە مانگی 5ى ئەمساڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی راسپارد بۆ تاپۆكردنی زەوییە كارتەكان، سەرۆكایەتی شارەوانی ھەولێر لە ماوەی مانگێكدا زیاتر لە 6 ھەزار زەوی كارت تاپۆ دەكات.
سەرۆكی شارەوانی ھەولێریش ئاماژە بەوە دەدات، مامەڵەی زیاتر لە 6 ھەزار زەوی كارت تەواو دەبێت و تاپۆی زەوییەكان دەدرێتەوە خاوەنەكانیان.
جهختیش دهكاتهوه، ئەوان لە پرۆسەكە بەردەوام دەبن بە ئامانجی ئەوەی سەرجەم زەوییە كارتەكان تاپۆ بكرێن.
لە سنووری شارەوانی ھەولێر نزیكەی 125 ھەزار پارچە زەوی كارت ههیه، بەشی زۆریان وەك قەرەبوو بەو ھاووڵاتیانە دراونەتەوە، كە زەویەكانیان بەر ماستەرپلانەكانی حكومەت كەوتوون. بڕیاریشه ھەموویان تاپۆ بكرێن.
بەڕای خاوەن نووسینگەیەكی كڕین و فرۆشتنی زەوی، تاپۆكردنی ئەو زەوییانە لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییانە.
جگە لە تاپۆكردنی زەوی كارت، ئێستا سەرۆكایەتی شارەوانی ھەولێر لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی لەسەر ھێڵە، بۆ ئەوەی رێگەپێدانی نۆژەنكردنەوەی خانوو بۆ ھاووڵاتییانی ئەو گوندانە بكەنەوە، كە لەم ساڵانەی دواییدا كەوتوونەتە ناو سنووری شارەوانی ھەولێر، دوای ئەوەی چەند ساڵێكە نۆژەنكردنەوە و رووخان و بنیاتنانەوەی خانوو لەسەر ھەمان زەوی لەم گوندانە وهستابوو.
H.B