ترەمپ: بۆ ماوەیەکی درێژ لە هێرش کردنە سەر حووسییەکان بەردەوام دەبین

لەگەڵ بەردەوامیی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر پێگەکانی حووسییەکانی یەمەن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند "بۆ ماوەیەکی درێژ لەو هێرشانە بەردەوام دەبین و گورزی وێرانکەر و ئازاربەخش لە حووسیەکان دەدەین."

لە گفتوگۆیەکدا ترەمپ گوتی: حووسییەکان دەیانەوێت هەڵمەتەکانیان ڕابگرن و دانوستان بکەن، چونکە بە شێوەیەکی خراپ شکستیان هێنا.

ئاماژەی بەوەش کردووە "تامەزرۆی ئاشتین، چونکە زەبرەکانمان کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەریان؛ بەڵام لەبەری ئەوەی ئەو گرووپە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیی دەکرێن، ئامادەی دانوستان نیم لەگەڵیاندا."

جەختی لەوەش کردەوە "ئەوەی حووسییەکان بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان بۆ پەکخستنی کەشتیوانی لە دەریای سووردا کردیان، کردەوەیەکی یەکجار ترسناک بوو."

جگە لەوەش، سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، ئەو هەڵمەتانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وڵاتەکەی بۆ سەر پێگەکانی حووسییەکان دەستی پێ کرد، سەرکەوتوویەکی زۆریان هەبووە. گوتیشی: "ئێمە بە توندی لێمان داون، بۆ ماوەیەکی زۆریش بەردەوام دەبین".

 
 
 
Fly Erbil Advertisment