نەتەوە یەکگرتووەکان: لەم مانگەدا زیاتر لە 21 هەزار سووری ئاوارەی لوبنان بوون

کۆمیساریی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لەم مانگەدا زیاتر لە 21 هەزار کەس بەهۆی شەڕەکانی ناوخۆی سووریا هەڵاتوون و چوونەتە لوبنان.
کۆمیساریی باڵای پەنابەران لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد "ئاڵۆزیی و شەڕەکانی سووریا، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران کەس بۆ باکووری لوبنان."
بەگوتەی بەرپرسانی لوبنان و خاچی سووری لوبنان" تەنیا لەم مانگەدا 21 هەزار و 637 سووری بەهۆی ململانێکانەوە پەنایان بۆ لوبنان بردووە."
ڕێکخراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەش کرد "خێزانە سوورییەکان بەردەوامن لە بەزاندنی خاڵە سنوورییە نافەرمییەکان، کە زۆرجار بەپێ و بەبرسێتی لە ڕووبارەکان دەپەڕنەوە." ئاماژەی بەوەش کرد، نزیکەی 390 خێزانی لوبنانی لەنێو ئەو هەڵاتووانەدان."
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، نزیکەی 1600 هاووڵاتی مەدەنی کوژراون کە زۆربەیان عەلەوی بوون. هەروەها هێزە ئەمنییەکان و گرووپە چەکدارەکان بە کوشتنی هاووڵاتیان و سووتانی ماڵان تۆمەتبار کراون.
هاوکات حکوومەتی سووریا لایەنگرانی ڕژێمی ئەسەد بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە هێرشیان کردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکان و توندوتیژییان بەرپا کردووە.