واشنتن: زیاتر لە 40 پێگەی حووسییەکانمان بۆمباران کرد
واشنتن ڕایگەیاند بە دەیان هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا ئێوارەی پێنجشەممە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 28ـی ئداری 2025، چەند پارێزگایەکی یەمەنیان بۆمباران کردووە،
ڕاشیگەیاند، ژمارەی هێرشە ئاسمانییەکان تا ئێستا گەیشتووەتە 44 هێرش.
ئاشکراشی کرد، هێرشەکانی ئەمەریکا پێنج پارێزگاری سەنعا، سەعدە، حودەیدە، جەوف و عەمرانیان کردۆتە ئامانج.
دەشڵیت: ئەمشەو زۆرترین بە ئامانجگرتنی هێرشەکانی ئەمەریکا پارێزگای عەمران بووە کە 19 هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی یەمەن ڕایانگەیاندووە "سەنعای پایتەخت بە سێ هێرشی ئاسمانی بۆمباران کراوە، یەکێکیان بۆ سەر ناوچەی فەرماندەیی لە ناوەندی شارەکە بووە.
ئاماژەی بەوەش دا، هەڵمەتەکان "زیان بە ماڵ و دوکانەکانی ناوەندی شارەکە گەیاندووە".
حووسییەکان دەڵێن: زیاتر لە 15 هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا سەنعایا بۆمباران کردووە، دوو کوژراو و دوو برینداری لێکەوتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کۆشکی سپی ڕایگەیاند "زیاتر لە 100 پێگەی حووسییەکان بۆمباران کردووە و ئەنجامەکانیش باشن."
دەشڵیت: ئەو ئامانجانەی لێمان داون بریتین لە سەرکردە سەرەکییەکانی حووسییەکان، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، بارەگاکان و دامەزراوەکانی دروستکردن و هەڵگرتنی چەک.
جەختیشی لەوە کردەوە، ئۆپەراسیۆنەکان دژی حووسییەکان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی ئازادی گەشتکردن لە دەریای سووردا دەگەڕێتەوە و کەشتییە ئەمەریکییەکان دەتوانن بە سەلامەتی تێپەڕن".