زێلێنسکی مۆسکۆ بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ڕووسیا بەردەوامە لە بە ئامانج گرتنی ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا، سەرەڕای ڕێککەوتنێک بەنێوەندگیری ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی ئەو جۆرە هێرشانە.
زێلێنسکی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پاریس ڕوونیکردەوە، سوپای ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممە شاری خێرسۆنی بە تۆپ بۆمباران کردووە و زیانی بە دامەزراوەیەکی وزە و بیناکانی دیکە گەیاندووە.
زێلێنسکی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: پێموایە پێویستە ئەمەریکا وەڵامێکی هەبێت و گوتییشی: وەڵام پێویستی بە کردەوە هەیە، نەک تەنیا لێدوان.
زێلێنسکی ئاماژەی بەوەدا ئۆکرانیا ئەم پێشێلکارییەی بە بەڵگە کردووە، هەروەها هەموو بەڵگەکان ئامادە دەکرێن و ڕادەستی ئەمەریکا دەکرێن.
دەسەڵاتدارانی خۆجێی ڕاپۆرتیان دا کە بۆمبارانەکانی ڕووسیا بووە هۆی پچڕانی کارەبا لە خێرسۆن و زیانی ژێرخانی هێڵی ئاسنی گەیاندووە. لە هێرشەکەدا لانیکەم دوو کەس کوژران و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
نوێنەرانی ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕۆژی سێشەممە لە ڕیاز ڕێککەوتن لەسەر جێبەجێکردنی قەدەغەکردنی هاوبەشی بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزە.