ئەمەریکا ژمارەیەک کەس و کۆمپانیای سەر بە حزبوڵڵای خستە لیستی سزاکان
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بۆ هاوکاریکردنی لوبنان و کۆنترۆڵکردنی چالاکییەکانی حزبوڵڵا، پێنج کەس لەو ڕێکخراوەیە و سێ کۆمپانیایی تایبەت بە تۆڕی قاچاخچییەتی نەوت خستە لیستی سزاکان، هاوکات وەزارەتەکە 10 ملیۆن دۆلار دەداتە هەر کەسێک کە زانیاری لەسەر ئەو ڕێکخراوەیە بداتە ئەمەریکا.
هەینی 28ـی ئاداری 2025، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی: ئەمەریکا بۆ ڕێگریکردن و ڕاگرتنی هاوکارییە داراییەکانی حزبوڵڵا، دەیەوێت هاوکاریی لوبنان بکات، بۆ ئەوەی چیتر ئەو ڕێکخراوە و ئێران دەستییان لە ناسەقامگیریی ناوچەکە نەبێت و کۆنترۆڵی نەکەن.
هەروەها ئاماژەشی دا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا پێنج کەس لە حزبوڵڵا و سێ کۆمپانیا نزیک لە ڕێکخراوەکە، کە تایبەتن بە بازرگانی و تۆڕی قاچاخچییەتی نەوت، خستە لیستی سزاکان، کە ئەو لایەنانە هاوکاری زیادکردنی داهاتی ئەو ڕێکخراوە دەکەن.
ڕاشیگەیاند، ئەو سزایانە بەردەوام دەبن تاوکوو ئەو ڕێکخراوە چیتر نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر هاووڵاتییانی لوبنان، هاوکات 10 ملیۆن دۆلار دەداتە هەر کەسێک کە زانیاری لەسەر ئەو ڕێکخراوە بداتە ئەمەریکا.
ئەمەش لە کاتێکدایە سێشەممە 25ـی ئاداری 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، بە هەماهەنگیی دامەزراوەی لێکۆڵینەوەکانی فیدراڵی ئەمەریکا(ئێف بی ئای)، سێ بەرپرسی باڵای وەزارەتی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی خستووەتە لیستی سزادراوان کە دەستیان لە ڕفاندن و مردنی ڕۆبەرت لوینسۆن، کارمەندی پێشووی دامەزراوە فیدراڵییەکە هەبووە.