نەتەوە یەکگرتووەکان: چالاکییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دژی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤە

نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، هەوڵی ڕاگواستنی دانیشتووانی کەرتی غەزز دژی پەیماننەی مافەکانی مرۆڤە، ئەو شوێنانەشی بۆ نیشەجێکردنەوەیان دیاری کراون هیچ بنەمایەکی تەندروستی و خۆراک و پاکوو خاوێنی و دڵنییایی تێدا نییە.

سامین ئەلخیتان، گوتەبێژی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ هەینی 28ـی ئاداری 2025، ڕایگەیاند، ڕاگواستنی هاووڵاتییانی فەڵەستین بە زەبری هێز لە زێدی خۆیان لەلایەن ئیسرائیلەوە دژی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە.

گوتیشی: زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی باکووری غەززە فەرمانی چۆڵکردنی ناوچەکانیان پێکراوە، ئەو هاووڵاتییانەی لە ڕەفح گواستراوەنەتە مەواسی، هیچ گەرەنتیەکی سەڵامەتیان پێنەدراوە، جیا لەوەی ئەو ناوچانەی ئیسرائیل وەکوو شوێنگرەوە دەستنیشانی کردوون، دڵنیایی لە دابینکردنی پاک، تەندروستی و خۆراکی تێدا نییە.

نوێنەرایەتی هەمیشەیی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو لێدوانانەی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ ڕەتدەکاتەوە و بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان کار دەکات، تەنیا داوای گواستنەوەی خەڵکی فەڵەسستین بۆ شوێنێکی سەڵامەت کراوە، بۆ ئەوەی لە دەستی حەماس پارێزراو بن، چونکە حەماس هاووڵاتیان وەکوو قەڵغانی مرۆیی بەکار دەهێنێت.

هەروەها حەماسیش بەوە تۆمەتبار دەکات کە ئاگربەستەکەی ڕەتکردووتەوە و شەڕی هەڵبژاردووە.

لای خۆشیەوە، جێنس لارکێ، گوتەبێژی فەرمانگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ ڕایگەیاندووە، چالاکییەکانی ئیسرائیل لە غەززە و بەتایبەت هێرشکردنە سەر شێونەکانی سڤیلنشین و کوشتنی منداڵان کردوەوەییەکی توندوتیژییە لە کەرتەکە.

دەشڵێت: ڕۆژانە هەواڵی کوشتنی منداڵ و کارمەندانی ڕێکخراوە مرۆییەکانمان پێ دەگات، خەڵک لەوێ بە زەبری هێز لە ناوچەکانیان دەردەکرێن.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری پێشووی بەرگری ئەو وڵاتە، شانبەشانی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لەلایەن دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی بە تۆمەتی تاوانی جەنگ تۆمەتبارکراون.

دوای ئەوەی ئیسرائیل لە 18ـی ئاداری 2024 زنجیرەیەک هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە، ئێستا ئیسرائیل فەرمانی بە دانیشتووانی غەززە کردووە کە ناوچەیەکی فراوانی ئەو کەرتە چۆڵ بکەن.

هه‌ینی، 28ـی ئاداری 2025، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی غه‌ززه‌ ڕایگه‌یاند،  له‌ 7ـی ئۆكتۆبه‌ری 2023 تاوه‌كوو ئێستا، 50 هه‌زار و 251 هاووڵاتیی كه‌رتی غه‌ززه‌ كوژراون.