پێشنیازی ئاگربەستێکی نوێ بۆ غەززە لە ئارادایە

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بۆ ماوەی 12 ڕۆژ لە دوای پێشێلکردنی ئاگربەست بەردەوامە و لای خۆیەوە حەماس ڕایدەگەیەنێت کە دانوستانەکانی نێوان بزووتنەوەکە و ناوبژیوانەکان بۆ دەستپێکردنەوەی ئاگربەست لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چڕتر بووەتەوە.

بەپێی ئاژانسی پەخشی ئیسرائیل (کان) ڕایگەیاند "ئیسرائیل پێشنیاری بۆ حەماس کردووە کە هەندێک بارمتە لەبەرامبەر ئاگربەستی جەژنی ڕەمەزان بکەن.

کەناڵەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تا ئێستا ڕوون نییە داواکارییەکانی بزووتنەوەکە چییە لە بەرامبەر ئەو پێشنیارەی ئیسرائیل، بەڵام ئیدان ئەلێکساندەر، سەربازی ئەمەریکی-ئیسڕائیلی لە سوپای ئیسرائیل)، دەڵێت: حەماس دەیەوێت ئاگربەست ڕابگیرێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، ناوبژیوانان ئامادەیی لەنێو هەندێک لە ئەندامانی باڵای حەماسدا دەبینن بۆ ئازادکردنی ژمارەیەکی کەم لە بارمتەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە پشووی جەژنی ڕەمەزاندا. ڕوونیشیکردەوە،  بەشداریی ئەمەریکا و قەتەر سەبارەت بەو پێشنیازە بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتنەکە ئەوەندەی پەیوەست نەبووە بە جەژنی ڕەمەزانەوە، بەڵکو پەیوەندی بەو خۆپیشاندانانەوە بووە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دژی حەماس لە سەرانسەری غەززە کرا.

بزووتنەوەکە هەوڵی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران دەدات، بەهۆی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە غەززە، کە سوپا ئەندامەکانی دەکاتە ئامانج کە بە ئاسانی دەدۆزرێنەوە.

ئاژانسەکە باسی لەوەش کرد، ئاگربەست ئەگەر چەند ڕۆژێکیش بێت، ڕێگە بە حەماس دەدات ناڕەزایەتییەکان کۆنترۆڵ بکات، کە بزووتنەوەکەی نیگەران کردووە.