ئەمەریکا: دانیمارک پارێزگاری لە سەروەری گرینلاند نەکردووە
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە گرینلاند ڕایگەیاند، دانیمارک پارێزگاری لە پێگەکانی ئەمەریکا و هاووڵاتییان و سەروەری گرینلاندی لە بەرانبەر زیادبوونی هێزەکانی ڕووسیا و چین نەکردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی بەشێک لە وڵاتەکان چاویان بریوەتە دورگەکە، هەروەها سەرۆک وەزیرانی نوێی گرینلاند، سەردانەکەی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بۆدورگەکە بە بێ ڕێزی ناو دەبات.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، لە سەردانەکەی بۆ بنکەی سەربازی وڵاتەکەی لە پیتوفیک لە گرینلاند ڕایگەیاند، ئەمەریکا هیچ نیازێکی نییە سوپاکەی لە ناوچەکەدا بڵاو بکاتەوە، تەنیا وەبەرهێنان لە سەرچاوە سەربازییەکانی دەکات، وەکوو زیادکردنی کەشتیی سەربازی.
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، دانیمارک تۆمەتبار دەکات بەوەی وەکوو پێویست پارێزگاری لە پێگەکانی ئەمەریکا و هاووڵاتییان و سەروەری گرینلاند لە بەرانبەر زیادبوونی هێزەکانی ڕووسیا و چین نەکردووە.
جەی دی ڤانس ڕایگەیاند، ڕووسیا و چین و وڵاتانی دیکە، چاویان بریوەتە ڕێگەی دەریایی و سەرچاوە کانزاییەکانی ناوچەکە، بۆیە دەبێت ئەمەریکا وەبەرهێنانی زیاتر لە ناوچەکەدا بکات بۆ ئەوەی هێزەکانیان لە ناوچەکە فراوانتر بکەن.
گوتیشی: لە کۆتاییدا گرینلاند دەبێتە هاوبەشی ئەمەریکا، بەو شێوەیەش ئێمە ئاسایشی زیاتر بۆ خەڵک و ناوچەکە دابین دەکەین، بەمەش ئابوورییەکەی بەهێزتر دەبێت.
لای خۆشیەوە جێنس فرێدریک نیلسن، سەرۆک وەزیرانی نوێی گرینلاند، سەردانەکەی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بە بێ ڕێزی ناوبرد و گوتی: بە دڕێژایی ساڵانی ڕابردوو ئێمە شان بە شانی ئەمەریکا لە هەموو بارودۆخێکی سەخت وەستاوینەتەوە، هەر بۆیەش سەردانەکەی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کارێکی دادپەروەرانە نەبوو.
لای خۆشیەوە. دۆناڵد ترەمپ چەند جارێک باسی لەوە کردووە، ئەمەریکا بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی پێویستی بە دورگەی گرینلاندە.