حەکیم: گرووپە چەکدارەکان بەڵێنیان داوە گرژی لەگەڵ ئەمەریکا دروست نەکەن

سەرۆکی ڕەوتی حیکمە ڕایگەیاند: گرووپە چەکدارەکانی عێراق پابەندی بڕیارەکانی حکوومەتن. گوتیشی: ئێستە کاتێکی گونجاو نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان گرووپە چەکدارەکان و ئەمەریکا.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی، 28-03-2025، عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی عێراقی، دووپاتی کـردەوە "گرووپە چەکدارەکان نایانەوێت حکوومەتەکەی سوودانی بخەنە هەڵوێستێکی ناخۆشەوە، هەر بۆیە پابەندی بڕیارەکان دەبن بۆ دروستنەکردنی گرژی لەگەڵ ئەمەریکا."
بە گوتەی عەممار حەکیم "دۆخی ئێستا گونجاو نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان و ئەمەریکا. ئەو گرووپانە دەیانەوێت سەقامیگیری و سەروەری عێراق بپارێزن، نەک ببنە هۆی دروستبوونی مەترسی و پێشێلکردنی سەروەرییەکەی."
پێشتر محەممەد کازم سادق، باڵێۆزی ئێران لە عێراق گوتبووی: "پەیامەکەی ترەمپ بۆ تاران داوای هەڵوەشاندنەوە یان پەکخستنی گرووپەکانی حەشدی شەعبی لەخۆگرتبوو، کە ئەمەش لای ئێمە قبووڵکراو نییە."
لە درێژەی قسەکانیدا باڵیۆزی ئێرا ن دووپاتی کردەوە "بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرووپی حەشدی شەعبی بڕیارێکی عێراقییە، منیش پێم وایە مەحاڵە، هەروەها دانوستان سەبارەت بە مووشەکی بالیستیش ڕەت دەکەینەوە."
لای خۆیەوە محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی هیچ داواکارییەکی لە ئەمەریکاوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرووپی حەشدی شەعبی پێ نەگەیشتووە.