نەتانیاهۆ: حەماس چەکەکانی دابنێت، ئێمەش پلانی ترەمپ لە غەززە جێبەجێ دەکەین
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی ئاداری 2025، نیازی خۆی بۆ جێبەجێکردنی "ڕاگواستنی" خەڵکی غەززە پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەدا حەماس "چەکەکانی دابنێت و سەرکردەکانی ڕێگەیان پێدەدرێت" کەرتی غەززە بەجێبهێڵن.
لە سەرەتای کۆبوونەوەی هەفتانەی کابینەی حکوومەتەکەیدا، نەتانیاهۆ باسی لە شەڕی کەرتی غەززە و ڕووبەڕووبوونەوەی حزبوڵلای لوبنان و گرووپی حوسییەکانی یەمەن کرد.
گوتیشی: سەبارەت بە حەماس لە غەززە، فشاری سەربازی هەیە، لەلایەک توانا سەربازی و حکوومییەکانمان، حەماس دەچەوسێنێتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە هەلومەرجی پێویست بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەوروژێت، ئێمە بەتەواوی ئەوە دەکەین، کە دەبێت بیکەین.
ئاماژەی بەوەش کرد، شەوی ڕابردوو واتە شەوی شەممە، بڕیاریدا ئەو فشارانە زیادبکات کە پێشتر پەرەی سەندبوو، بەمەبەستی ڕەخساندنی باشترین هەلومەرج بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.
ناتانیاهۆ باسی لەوەش کرد، ئیسرائیل دانوستان دەکات، بەڵام "لەژێر ئاگردایە"، دەشڵێت: دانوستانەکان کاریگەرن و ئەنجامەیش لەناکاو سەرهەڵدەدەن.
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئێمە ئامادەین باسی قۆناغی کۆتایی شەڕ بکەین، حەماس چەکەکانی دادەنێت و سەرکردەکانی ڕێگەیان پێدەدرێت بچنە دەرەوە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش دا، ئێمە ئاسایشی گشتیی لە کەرتی غەززە دەستەبەر دەکەین و کار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی پلانی دۆناڵد ترەمپ، کە پلانی کۆچی خۆبەخشانە، و نایشارینەوە، ئێمە ئامادەین لە هەر کاتێکدا گفتوگۆی لەسەر بکەین.
ناتانیاهۆ "پابەندبوونی ئیسرائیل بە گەڕانەوەی بارمتەکان" دووپاتکردەوە، ڕوونیشیکردەوە، تا ئەمڕۆش تێکەڵکردنی فشاری سەربازیی و سیاسی تاکە شتێکە کە خەڵکە ڕفێنراوەکانی هێناوەتەوە، نەک هەموو ئەو بانگەشە و دروشمە پووچانەی کە حەماس دەیانکات کرابێت.