کوژاندنەوەی مۆلیدە ئەهلییەکان کاریگەریی لەسەر پاکبوونەوەی ژینگە ههبووه
دەستەی ژینگەی ههرێمی كوردستان دەڵێت: کوژاندنەوەی مۆلیدە ئەهلییەکان کاریگەریی لەسەر پاکبوونەوەی ژینگەی هەولێر هەیە؛ دهشڵێت، 59 پاڵاوگەی نایاسایی نهوت لە هەولێر داخراون.
یەکشەممە، 30ـی ئاداری 2025، ئازاد نووری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری هونەری لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ژینگەی هەولێر بەراورد بە پێشووتر پاکترە، بەڵام کاری زیاتری دەوێت بۆ نەمانی تەواوی ئهو کاریگەرییەی هەیە، یەکێک لە کاریگەرییەکان مۆلیدە ئەهلییەکانی گەڕەکەکان بوو.
ئازاد نووری، گوتیشی: کوژاندنەوەی مۆلیدەکان کاریگەریی لەسەر پاککردنەوەی ژینگەی هەرێمی کوردستان هەیە و هاوكات 59 پاڵاوگەی نایاسایی لە هەولێر داخراون.
پرۆژەی ڕووناکی بەردەوامە لە فراوانبوون و تا ئێستا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان 415 هەزار هاوڵاتی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە و نزیکەی 600 مۆلیدەی تایبەت لە 35 گەڕەکی جیاواز لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان کوژێنراونەتەوە.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین پرۆژەی گرنگیی خزمەتگوزاریی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان خستووەتە جێبەجێکردن، لە نێویاندا کارەبای 24 کاتژمێری، کە بە پرۆژەی ڕووناکی ناسراوە، پرۆژەکە سەرەتا لە هەولێر جێبەجێ کرا دواتر گەیشتە هەر یەکە لە پارێزگاکانی دهۆک، سلێمانی و بەمزووانەش دەگاتە هەڵەبجە.
ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتی سەردانیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، پرۆژەی ڕووناکیی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.