ترەمپ سەردانی سعوودیە دەکات

ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە بەرپرسانی ئەمەریکا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئاداری 2025، ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە نیازە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا سەردانی سعوودیە بکات.

ئەمە یەکەم سەردانی ترەمپ دەبێت بۆ دەرەوەی وڵات لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی.

بەگوێرەی ئاکسیۆس، سەردانەکەی ترەمپ بۆ شانشینی یەکگرتوو لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە نێوان بەرپرسانی ئەمەریکا و هاوتا سعوودییەکانیان لە پەراوێزی دانوستانەکانی شەڕی ئۆکرانیا تاوتوێ کراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو گەشتە پلانی بۆ دانراوە لەکاتێکدا ئیدارەی ترەمپ کاردەکات بۆ دەستپێکردنەوەی ئاگربەست لە غەززە و هاندانی حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان".

هەروەها لەم مانگەدا ترەمپ ڕایگەیاندبوو، لە ماوەی مانگ و نیوێکی داهاتوودا، گەشت بۆ سعوودیە دەکات.

لە 12ی شوباتدا، ترەمپ لە یەکەم پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ڕووسیەکەی لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ڕایگەیاند "لە سعوودیە چاوی بە ڤلادیمێر پوتین دەکەوێت."

ترەمپ لە مانگی ئایاری 2017 سەردانی سعوودیەی کرد، یەکەم گەشتی نێودەوڵەتی بوو لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا.