بۆ یەکەمجار لەمێژوو: ئەمساڵ خەڵاتی باڵۆندۆر دابەشناکرێت

K24 – هەولێر

گۆڤاری فووتبۆلی فەرەنسی رایگەیاند ئەمساڵ خەڵاتی باڵۆندرۆ، کە ساڵانە بە باشترین یاریزانی تۆپی پێ دەدرێت دابەش ناکرێت، ئەمەش بەهۆی ئەو رەوشەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان دروستی کردووە.

گۆڤارە فەرەنسییەکە ئەمڕۆ (دووشەممە، 20-7-2020) لە بەیاننامەیەکدا لەسەر ماڵپەڕەکەی رایگەیاند "رێوشوێنە تایبەتەکان، وایانکرد خەڵاتی باڵۆن دۆر (تۆپی زێڕین) بۆ یەکەمجار لەدوای دەستپێکردنی دابەشکردنی خەڵاتەکە لە 1956ـەوە، ئەمساڵ دابەش نەکرێت، بەهۆی ئەوەی رەوشێکی گونجاو نەبووە".

لیۆنێل میسی، کە شەش جار خەڵاتەکەی بردووەتەوە و ساڵی رابردووش هەر ئەو بەدەستی هێناوە، تاوەکو 12 مانگی دیکە هەڵگری ناسناوی خەڵاتی باڵۆندۆرە.