مین بە گەنجێکی سیدەکاندا تەقییەوە و گیانی سپارد
لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێکی چێنراو، گەنجێکی دانیشتووی سیدەکان کە بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە، چووبووە کوێستانی قەلەڕەش، گیانی سپارد .
تەیفوور محەممەد، پەیامنێری کوردستان24 لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 01-04-2025، لە کوێستانی قەلەڕەش، مینێکی چێنراو بە هاووڵاتییەکدا تەقییەوە و لە ئەنجامدا گیانی سپارد.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش دا، ئەو هاووڵاتییەی گیانی سپاردووە، گەنجێکی تەمەن 35 ساڵی دانیشتووی قەزای سیدەکانە، بە ناوی "نازم ساڵح" خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەو گەنجە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بە مەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە، چووبووە کوێستانی قەلەڕەش و دواتر مینەکە پێیدا تەقیوەتەوە. گوتیشی: "باوکی ئەم گەنجەش، لە ساڵی 2004 بەهۆی تەقینەوەی مین لە چیای ڕۆبی ڕواڵ، گیانی سپاردووە."
ئەمە دووەم هاووڵاتییە لە ماوەی ئەم ساڵدا، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ئەنجامی تەقینەوەی مینی چێنراو، بمرێت. سەرەتای ئەمساڵ گەنجێکی ناحیەی خەلیفانیش بەوهۆیەوە گیانی سپارد.
تاوەکوو ئێستە ژمارەیەکی زۆری مینی چێنراوی سەردەمی ڕژێمی بەعس و شەڕی سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنووری سیدەکان ماون و بە هۆی سەختی شوێنەکە، نەتوانراوە وەکوو پێویست ناوچەکە پاک بکرێتەوە.