دانوستانەکانی مۆسکۆ و واشنتن خەریکە تەقەی تێکەوێت

ڕووسیا وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپ دەداتەوە

گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) لە بارەی هەڕشەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سەپاندی باجی زیاتر بەسە نەوتی مۆسکۆ لە ئەگەری قبووڵ نەکردنی ئاگربەستی ئۆکرانیا، ڕایگەیاند، ئەو بابەتە زۆر ئاڵۆزە و پێویستی بە کاتە بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت.

دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملن ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی نیسانی 2025، لە بارەی هەڕەشەکانی دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: ڕووسیا لە گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمەریکا لە بارەی کۆتایی هێنان بە جەنگی سێ ساڵەی ئۆکرانیا بەردەوام دەبێت.

ئاماژەشیدا، ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە شەڕی ئۆکرانیا و ساقامگیریی ناوچەکەوە هەیە زۆر ئاڵۆزن، پێویستی بە کات و هەوڵی زیاترە.

لای خۆیەوە سێرگی ڕیابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، پێشنیازەکانی ئەمەریکا بۆ چارەی کێشەکان زۆر بە جددی وەردەگرن، بەڵام لەم قۆناغەدا ناتوانرێت بەو شێوەیە قبوڵی بکەن.

ڕیابکۆڤ دەڵێت؛ ئەوەی تاوەکوو ئێستا بە دەستیان گەشتووە، داواکارییەکانی ئەوانی جێبەجێ نەکردووە، بۆئەوەی کێشەکان لە ڕیشەوە چارە بکرێن.

ڕۆژی دووشەممە 31ـی ئاداری 2025، دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە نووسینگەی خۆی لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند، زۆر لە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا توڕەیە، داوای لێکرد بە زووترین کات بە ئاگربەستەکەی ئۆکرانیا ڕازی بێت و بڕیاری کۆتایی هێنان بە جەنگ بدات، بۆ ئەوەی چیتر سەربازی زیاتر لە هەر دوو وڵات نەکوژرێن.

هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی لە ڕووسیا کرد، بەوەی سزای زیاتر بەسەر نەوتی هاوردە و هەناردەی مۆسکۆ دەسەپێنێت.

سێشەممە 25ـی ئاداری 2025، کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، ڕووسیا و ئۆکرانیا گەیشتوونه‌ته‌ ڕێککەوتن کە کەشتییەکانیان لە دەریای ڕەش ڕووبەڕووی یەکتر نەبنەوە و ڕێگریی لە جووڵه‌ی ده‌ریایی یەکدی نەکەن.