دوو سوودی گرنگی دارچینی دۆزرایەوە
سوودی بۆ ئەو کەسانە هەیە کێشەی شەکرە و چەوریان هەیە
K24- هەولێر:
دارچینی دەتوانێت کۆنتڕۆڵی رێژەی شەکر لە خوێندا بکات لەو کەسانەی کە رێژەی شەکریان زۆرە بەڵام هێشتا تووشی شەکرە نەبوون.
گیولیۆ رۆمیۆ، پزیشک لە سەنتەری شەکرەی بۆستن، سەرپەرشتی توێژینەوەیەکی کردووە و تێیدا دەرکەوتووە، دارچینی کۆنتڕۆڵی رێژەی شەکر دەکات لەو کەسانەی کە نزیکن لەوەی تووشی شەکرە ببن.
هەروەها، ئاماژە بەوەشکراوە، لە داهاتوو توێژینەوەی دیکە دەکەن تاوەکو بزانن، دارچینی سوودی بۆ ئەو کەسانە هەیە کە تووشی شەکرە بوون.
ئەو کەسانەی کە مەترسی ئەوەیان لەسەر تووشی شەکرە بن، حاڵەتێکی مەترسیداریان هەیە کە بە “پریدایابێتیک” ناسراوە و ئەگەری تووشبوونیان بە شەکرە، نەخۆشی دڵی و جەڵتە زیاد دەکات.
دارچینی لە رابردوودا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەرس و هەناسەدان بەکارهاتووە. میسرییە کۆنەکان دارچینیان بۆ خۆشکردنی بۆنی تەرمەکانیان بەکار دەهێنا.
جۆرەکانی دارچینی
دوو جۆر دارچینی هەیە، یەکێکیان ناوی سێیلۆنە کە لە سریلانکا بەرهەم دێت ئەوە دیکەش ناوی کاسیایە کە لە چین و ئیندەنووسیا بەرهەم دێت.
کاسیا هەرزانترە و بۆن و تامی تیژترە، بە گوێرەی توێژینەوەکانیش، سوودی زیاترە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رێژەی شەکر لە خوێندا.
هەروەها ئەوەش ئاشکرا کراوە، دارچینی سوودی زۆری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەوری خراپ و کۆلیسترۆل و چەوری سیانی هەیە.
BBC