خاوەنی نووسینگەیەکی خانووبەرە: خواست لەسەر خانووی نوێ زیادی کردووە
خاوەنی نووسینگەیەکی خانووبەرە ڕایدەگەیەنێت: خواستی هاووڵاتییان لەسەر کڕینی خانووی نوێ زیادی کردووە، ئەمەش لەبەر دیزاین، نەخشە و کوالێتییان.
بەشێک لە خێزانەکان بەهۆی ناشارەزایی و کەمی کات، ناتوانن سەرپەرشتیی دروستکردنی خانووی نوێ بکەن، نۆیە ناچار دەبن پرۆژەکە ڕادەستی ئەو کۆمپانیا و نووسینگانە بکەن کە لە بواری خانووبەرەدا کار دەکەن. ئەوانیش بە پارە و کاتێکی دیاریکراو، خانوویان بۆ دروست دەکەن.
شوان عارف، خاوەنی نووسینگەیەکی خانووبەرەیە لە هەولێر و بــە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "زۆرینەی ئەو کەسانەی خانوویان بۆ دروست دەکەین، فەرمانبەر، ئەندازیار، پزیشک یان ئەوانەن کە کاتێکی زۆریان نییە بۆ ئەوەی خۆیان خانووەکەیان دروست بکەن. ئەوان، نەخشە، دیزاین و تایبەتمەندییەکانی خانووە نوێیەکەمان پێ دەدەن، ئێمەش دوای گفتوگۆ و ڕێککەوتن لەسەر نرخێکی دیاریکراو، دەست بە دروستکردنی دەکەین. بۆ نموونە، خانوویەکی 100 مەتری، نزیکەی سێ مانگ بۆ سێ مانگ و نیوی پێویستە."
تێچووی دروستکردنی خانوو بە گوێرەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت. ڕووبەر، شوێن و جۆری کەرستەکان، تێچووی دروستکردنی خانوو دیاری دەکەن.
تێچووی دروستکردنی خانوو لە هەولێر، بە پشتبەستن بە داتای نووسینگەکانی خانووبەرە:
100 مەتری: لە نێوان 22,500 دۆلار بۆ 30،000 دۆلارە.
125 مەتری: لە نێوان 27،500 دۆلار بۆ 35،000 دۆلارە.
150 مەتری: لە نێوان 34،000 دۆلار بۆ 45،000 دۆلارە.
200 بۆ 225 مەتری: لە نێوان 50،000 دۆلار بۆ 80،000 دۆلارە.
هیوا هیمداد، خاوەنی نووسینگەی خانووبەرەیە و کاری کڕین و فرۆشتنی خانووی نوێ و بەکارهاتوو دەکات. ئەو بە کوردستان24ـی گوت: "بەراورد بە خانووی کۆن، ئێستە بەشێکی زۆری هاووڵاتییان خواستیان لەسەر کڕینی خانووی نوێ هەیە، ئەمەش لەبەر دیزاین، نەخشە و کوالێتییان. بۆ نموونە، خانوویەکی نوێی 150 مەتریی لە هەولێر، بەراورد بە خانوویەکی 150 مەتریی کۆن، دیزاینەکەی گۆڕاوە و ژووری زیاتری تێدا دروست کراوە. نرخەکەشیان نزیکەی 20 هەزار بۆ 30 هەزار دۆلار (دوو بۆ سێ دەفتەر دۆلار) جیاوازییان هەیە."
ئامارەکانی کۆتا سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان دەریدەخەن، 72.14%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و عێراق خاوەن خانووی خۆیانن، لەگەڵ هەڵکشانی ژمارەی دانیشتوانیش داواکاری لەسەر یەکەی نیشەجێبوون زیاتر دەبێت.