كۆمەڵەى ئۆتيزمى كوردستان: نزیکەی چوار هەزار منداڵی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان هەن

سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکانی کۆمەڵەکەی سێ هەزار و 900 منداڵی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان هەن و هۆشداری لە زیادبوونی منداڵانی ئۆتیزم دەدات و چەند داواکارییەکیش ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات بۆ زیاتر هاوکاری کردنی ئەو خێزانانەی منداڵی ئۆتیزمیان هەیە.

کەمال جەباری، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی نیسانی 2025، لە ڕۆژی جیهانی هۆشیاری ئۆتیزم لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ساڵی 2008دا، کاتێک نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژێکی بەناوی هۆشیاری ئۆتیزم دانا، لە هەرێمی کوردستان لە 150 حاڵەتی لە دایکبوون تەنیا یەک منداڵی ئۆتیزم تۆمار دەکرا، بەڵام بە داخەوە ئێستا لە 90 حاڵەتی لەدایکبوون، یەک حاڵەتی ئۆتیزم تۆمار دەکرێت.

هەروەها هۆشداری دا گوتی: ئەگەری هەیە لە 20 ساڵی داهاتوودا لە هەرێمی کوردستان لە کۆی 10 بۆ 15 حاڵەتی لەدایکبوون، یەک حاڵەتی ئۆتیزم تۆمار بکرێت، واتە لە هەر ماڵێک منداڵێکی ئۆتیزمی دەبێت.

بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکانی کۆمەڵەی منداڵانی ئۆتیزم حاڵەتە تۆمارکراوەکان بەمشێوەیە دابەشبوون:

کۆی گشتی 3900 حاڵەت

هەولێر 1350 منداڵی ئۆتیزم

%80 کوڕ

%20 کچ

%40 حاڵەتی توند

%40 حاڵەتی مامناوەند

%20 حاڵەتی تاڕادەیەک ئاسایی

 

سلێمانی و هەڵەبجە 950 منداڵی ئۆتیزم

%79 کوڕ

%21 کچ

%45 حاڵەتی توند

%35 حاڵەتی مامناوەند

%20 حاڵەتی تاڕادەیەک ئاسایی

 

هەولێر 1350 منداڵی ئۆتیزم

%80 کوڕ

%20 کچ

%40 حاڵەتی توند

%40 حاڵەتی مامناوەند

%20 حاڵەتی تاڕادەیەک ئاسایی

 

دهۆک 900 منداڵی ئۆتیزم

%77 کوڕ

%23 کچ

%50 حاڵەتی توند

%30 حاڵەتی مامناوەند

%20 حاڵەتی تاڕادەیەک ئاسایی

 

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 350 منداڵی ئۆتیزم

%76 کوڕ

%24 کچ

%55 حاڵەتی توند

%35 حاڵەتی مامناوەند

%10 حاڵەتی تاڕادەیەک ئاسایی

 

ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 350 منداڵی ئۆتیزم

%80 کوڕ

%20 کچ

%48 حاڵەتی توند

%32 حاڵەتی مامناوەند

%20 حاڵەتی تاڕادەیەک ئاسایی

سەرۆکی کۆمەڵەی تووشبووانی ئۆتیزم ڕاشیگەیاند، تاوەکوو ئیستا 50 خێزان بەهۆی منداڵی ئۆتیزمەوە لەبەریەک هەڵوەشاوەتەوە و ئەندامانی خێزانەکان پەرتەوازە بوون، هەروەها 80%ـی دایک و باوکانی منداڵانی ئۆتیزم تووشی گرفتی دەروونی بوونەتەوە.

گوتیشی: لە کۆی 3900 حاڵەتی ئۆتیزم تەنیا 12%یان لە سەنتەرە حکوومییەکان لە ڕاهێنان و چارەسەری ئۆتیزم سوودمەندن، تەنیا 11%ی منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم لە لایەن حکوومەتەوە مووچەیان پێ دەدرێت، کە ژمارەیان 394 منداڵە و مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە.

هەروەها گوتی: بۆ بڕینەوەی مووچە بۆ تەواوی منداڵانی ئۆتیزم، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی ناوەکانی ڕەوانەی بەغدا کردووە، بەڵام بەغدا تاوەکوو ئێستا کارەکانی تەواو نەکردووە.

سەبارەت بە ژمارەی سەنتەرەکانی ڕاهێنان و چارەسەری منداڵانی ئۆتیزم، کەمال جەباری ئاماژەی دا، کە 49 سەنتەر هەن و 10 لە سەنتەرەکان حکوومەتین و بەم شێوەیە دابەشبوون.

هەولێر 14 سەنتەر.

سلێمانی 8 سەنتەر.

دهۆک 7 سەنتەر.

گەرمیان 4 سەنتەر.

هەر لەم کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەدا، سەرۆکی کۆمەڵەکە داوای کردنەوەی سەنتەری زیاتری ڕاهێنانی منداڵانی ئۆتیزم لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان کرد و داواشی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان و خێرخوازان کرد، بۆ ئەم هەنگاوە هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن. 

هەروەها داواکارییەکی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرد، بۆ ئەوەی بە فەرمی لە قەرزەکانی خانووبەرە، هاوسەرگیری، ئاو و کارەبای سەر خێزانی منداڵانی ئۆتیزم خۆش بێت، ئەمەش وەک هاوکارییەک بۆ ئەو خێزانانەی منداڵی ئۆتیزمیان هەیە.

هاوکات داوای کرد بۆ بەخێوکردنی منداڵانی ئۆتیزم مۆڵەتی فەرمی و درێژخایەن بەو دایک و باوکە فەرمانبەرانە بدەن، کە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە، جیا لەمەش بەشی پەروەردەکردنی تایبەت لە قوتابخانەکان کاراتر بکرێت.

هەر لە چوارچێوەی داواکارییەکان، کەمال جەباری گوتی: گرنگە لە سەنتەرەکاندا شوێنی مانەوە و حەوانەوە بۆ ئەو مێرمنداڵانەی ئۆتیزم دابین بکرێت، کە تەمەنیان سەرووی 12 ساڵانە.