گەشتیارێکی بەغدا: لەمەودوا تەنیا دێمە کوردستان، ناوچە گەشتیارییەکانی ئێرە خەیاڵین

دەیان هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی دوکانیان کردووە. گەشتیارێک دەڵێت: یەکەم جارمە دێمە هەرێمی کوردستان و بڕوام نەدەکرد شوێنە گەشتیارییەکانی ئێرانە هێندە خۆش بن. 

ساڵانە لە پشووەکانی جەژنی ڕەمەزان، ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران لە ناوخۆی عێراق و تەنانەت دەرەوەش، سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن. 

دایکی ڕەیان، لە بەغداوە لەگەڵ خێزانەکەی هاتووەتە قەزای دوکان، لە سنووری پارێزگای سلێمانی. لەسەر ئاوە سازگارەکەی دوکان، بۆ ژەمی نیوەڕۆ ماسیان خستە سەر خەڵوز و پێکەوە خواردیان. 

دایکی ڕەیان بە ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "من لە گەڕەکی مەنسوورەی بەغداوە هاتووم، ئەمە جاری یەکەمە دێمە دوکان و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی. تووشی شووک بووم، لێرە ناوچەیەکی زۆر جوان و دڵگیرە و زۆر دڵخۆشین. مامەڵەی خەڵک و ئاستی خزمەتگوزارییەکانیش زۆر باشن. بڕیارمان داوە لەمەودوا لە هەموو پشووەکاندا بێینە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆچی بڕۆینە شوێنی دیکە؟ لێرە خۆشترمان دەست ناکەوێت. بە ڕاستی شوێنە گەشتیارییەکان خەیاڵین."

زۆرێک لەو گەشتیارانەی بۆ پشووەکانی جەژنی ڕەمەزان، هاتوونەتە ناوچە گەشتیاریەکانی هەرێمی کوردستان، دانیشتووی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق. 

ڕێژین ڕەئووف، بەرێوبەری گەشتوگوزاری دوکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لەبەر ئەوەی پشووی جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵ حەوت ڕۆژە لە عێراق، پێشبینی دەکەین لە ڕۆژانی جەژن، 150 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیاریەکانی دوکان بکەن. ئەو ژمارەیەش 20% لەو گەشتیارانەی پشووەکانی جەژنی ساڵی ڕابردوو هاتوونەتە ئێرە، زیاترە. لە لایەکی دیکەوە، ناسەقامگیریی بارودۆخی ئەمنیی وڵاتانی ناوچەکە، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کورستان و بەتایبەت ناوچەکەمان هەبووە."

بۆ ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیاران کە هاتوونەتە سلێمانی و ناوچە گەشتیاریەکانی دوکان، پلانێکی تۆکمە دانراوە تا گەشتیاران بەبێ کێشە و لە کەشوهەوایەکی هێمن و ئارام و دوور لە پشێووی کاتەکانیان بەسەر ببەن.