وەزارەتی کارەبا: لە ڕۆژانی جەژن زیاتر لە 22 کاتژمێر کارەبا بە هاووڵاتییان دراوە
وەزارەتی کارەبا ڕایدەگەیەنێت، بەرنامەیان بۆ پێدانی کارەبا لە ڕۆژانی جەژن سەرکەوتوو بووە و زیاتر لە 22 کاتژمێر کارەبایان بە هاووڵاتییان داوە.
چوارشەممە، 02-04-2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد، لــە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا، زیاتر لە 22 کاتژمێر و نیو کارەبا بە هاووڵاتییان دراوە.
وەزارەتەکە دووپاتی کردووە، بەرنامەیان بۆ پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان لە ڕۆژانی جەژن، بە شێوەیەکی ڕێکوپێک جێبەجێ کراوە.
ئــەمە لە کاتێکدایە، کۆی گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی 15 سەرچاوەی جیاوازە، گەیشتووەتە نزیکەی چوار هەزار مێگاوات.
ڕۆژی شەممە، 29-03-2025، مانگی ڕەمەزان کۆتایی هات و ڕۆژی یەکشەممە، 30-03-2025، یەکەم ڕۆژی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان بوو لە هەرێمی کوردستان.