گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا، ئەورووپای نیگەران کردووە
گرژی و هەڕەشەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا، وڵاتانی ئەورووپای نیگەران کردووە. لەو بارەیەوە سەرۆکی فەرنسا کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ پسپۆڕانی بواری ئەتۆمی ڕێک خستووە و بڕیاریش وایە وەزیرانی دەرەوەی فەرنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا ئیسرائیل و ئەمەریکا کۆ ببنەوە.
چوارشەممە 2ـی نیسانی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە سەر زاری سێ دیبلۆماتکار، ڕایگەیاند "ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر و پسپۆڕی تایبەت بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران کۆ بوونەوە باسیان لە گرژییەکانی ئەم دوایانەی نێوان تاران و واشنتن کردووە."
هەروەها باسیان لەوە کردووە کە وڵاتانی ئەورووپا نیگەرانن لەوەی ئەگەر نەگەیشتنە هیچ ڕێککەوتنێک، ئەوە ئەمەریکا و ئیسرائیل هێرش بکەنە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران.
ئەو ئاژانسە ئەمەریکاییە ئاماژەشی داوە، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە 3ـی نیسانی 2025، سەردانی پاریس دەکات و لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی فەرنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا، پێکەوە لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆ دەبنەوە و باس لە پرسی ئەتۆمی ئێران دەکەن.
پێشتر هەر یەک لە بەریتانیا، فەرنسا و ئەڵمانیا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆ بوونەوە و فشاریان لەو وڵاتە کرد دانوستاندن لە بارەی پرۆگرامی ئەتۆمی بکەن.
هاوکات وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، بەفەرمانی پیت هێگێست، وەزیری بەرگری، فڕۆکەی جەنگی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو دەکاتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حووسیەکان و زیاتر بوونی گرژیەکانیان لەگەڵ ئێران.
وەزارەتی بەرگری شوێنی مەبەست یان جۆری فڕۆکەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندوو، هەفتەی ڕابردوو شەش فڕۆکەی ' B-2' کە هەڵگری مووشەک و چەکی ئەتۆمییە، گوازراونەتەوە بۆ بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا و بەریتانیا لە دوورگەی دیگۆگارسیا لە زەریای هیندی.
هەروەها ئاژانسی ئیرنا بڵاوی کردووەتەوە، ڕافائێل گرۆسی، سکرتێری گشتیی ئاژانسی نیودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە تەلەفۆن، داوای لە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە ڕێگەی پێ بدرێت سەردانی ئێران بکاتەوە.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا هەڕەشەی بۆمبارانکردنی ئێرانی کردبوو، ئەگەر تاران ڕێککەوتنێک لەگەڵ واشنتن نەکات و دەستبەرداری پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی نەبێت.
لە وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران بەڵێنی دا وەڵامی یەکلاکەرەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتەکەی بداتەوە.