زاخارۆفا: کورت بینی دەسەڵاتدارانی بەریتانیا گەیشتووتە لووتکە

دوای ئەوەی حکوومەتی بەریتانیا داوای لە ژمارەیەک کۆمپانیا و لایەنی نزیک لە ڕووسیا کرد خۆیان لە پرۆگرامی بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی بیانی، تۆمار بکەن؛  گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، کورتبینی دەسەڵاتدارانی بەریتانیا گەیشتووەتە لووتکە.

دان جارڤیس، وەزیری ئاسایشی بەریتانیا داوای لە دەزگا حکوومی و سەربازییەکان، دەزگای هەواڵگری و هەندێک لایەنە سیاسیەکانی دیکە کرد کە لە بەریتانیان  و نزیکن لە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا بەر لە 1ـی تەمموز ناوی خۆیان لە پرۆگرامی بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵلاتی بیانی تۆمار بکەن.

هەروەها ئاماژەشی داوە هەر کەسێک خۆی تۆمار نەکات پێنج ساڵ زیندانی دەکرێت.

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، لە وەڵامی وەزیری ئاسایشی بەریتانیا ڕایگەیاند "کورت بینی دەسەڵاتدارانی بەریتانیا گەشتووتە لووتکە، ئەو لێدوانانەش خۆ هەڵخەڵەتاندنە."

هەروەها ئاماژەشی دا، سەرکردەکانی ئێستای بەریتانیا وەکوو سەرکردەکانی سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی نین، ئەو سەرکردانەی ئێستا هەڵخەڵەتاون دەیانەوێت لەگەڵ ڕووسیا تووشی کێشە ببن.

پێشتر، سەرکردەکانی ئەورووپا ڕایانگەیاندبوو، لە دوای ئۆکرانیا، ڕووسیا هێرش دەکاتە سەر هاوپەیمانیی ناتۆ.

سەرکردەکانی ڕووسیا ئەو لێدوانانەیان ڕەت کردبووە و ڕایانگەیاندبوو، ڕووسیا هیچ نیازێکی نییە هێرش بکاتە سەر ناتۆ و وڵاتانی ئەورووپا.