ئەمەریکا سزای تۆڕێکی نایاسایی حووسییەکان دەدات

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هەشت هەژماری بانکیی نزیک لە چەکدارانی حووسی و ژمارەیەک لایەنی ڕووسی کە مامەڵە لەگەڵ ئەو چەکدارانە دەکەن، سزا دراون.

چوارشەممە 2ـی نیسانی 2025، تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمەریکا سزای بە سەر ژمارەیەک کۆمپانیا و لایەن دەسەپێنێت، کە لە چوارچێوەی تۆڕێکی دارایی نایاسایی جیهاندان و پاڵپشتی حووسییەکان دەکەن.

هەروەها ئاماژەشی دا "سەعید جەمل، سەرۆکی تۆڕی نایاسایی پارەدارکردنی حوسییەکان بە بەهای ملیۆنان دۆلار کاڵای لە ڕووسیا کڕیوە، لەوانە چەک و کەرەستەی سەربازی، دانەوێڵەی دزراوی ئۆکرانیا، کە ڕەوانەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی کردووە."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی: دوو لەو کەسانە کە سزادراون، ئەفغانین و برای یەکترن، ئەوان بە بەلەم، هاوکاریی تۆڕەکەی سەعید جەملیان کردووە گەنمیان لە کریماوە گوازتوەتەوە یەمەن.

جەختیشی کردووە ئەو سزایانە پابەندیی ئەمەریکا بۆ لاوازکردنی چەکدارانی حووسی و چەکداماڵینی ئەو گرووپانەی نزیک لە ئەمەریکا پێشان دەدان، بەمەش هەڕەشەکانی سەر پێگە و کارمەندانی ئەمەریکا لە دەریای سوور نامێنێت.

هاوکات هەشت هەژماری بانکی نزیک لە چەکدارانی حووسی سزادراون.

ڕۆژی سێشەممە 1ـی نیسانی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دادی ئەمەریکا، سزایان بەسەر شەش کۆمپانیا و دوو کەسایەتی پەیوەندیدار بە ئێران سەپاند، بە تۆمەتی ئەوەی پارچەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (UAV) بۆ پرۆگرامی درۆنی و مووشەک دابین کردووە.

کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هێرشە یەکلا کەرەوەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حووسییەکان، کاریگەرییەکی زۆری هەبووە لەسەر لاوازکردنی توانا و هەژموونی ئێران لە ناوچەکە.