فەرەنسا: ئەگەر ڕێککەوتن لە سەر پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران نەکرێت، ئەوە جەنگ ڕوو دەدات
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند، دەرفەتێک هەیە لەگەڵ ئێران لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی وڵاتەکە بگەنە ڕێککەوتننامەیەکی نوێ، دەشڵێت ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە نەکرێت، جەنگ لە ناوچەکەدا ڕوو دەدات.
چوارشەممە 2ـی نیسانی 2025، ژان نۆیەل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرنسا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، دەرفەتێکی نوێ بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بۆ سنووردارکردنی پرۆگرامی ئەتۆمی ئەو وڵاتە هەیە.
هەروەها هۆشداریشی دا، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە نەکرێت، ئەوە پێکدادانی سەربازی لە ناوچەکە دەبینین.
وەزیری دەرەوەی فەرنسا ئاماژەشی دا، تەنیا چەند مانگێکیان ماوە بۆئەوەی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015 کۆتایی بێت.
هەروەها باسی لەوەش کرد، سزا نوێیەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ سەر ئێران، پەیوەندییان بە دەستگیرکردنی هاووڵاتییە بیانیەکانە لە لایەن ئەو وڵاتەوە.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە 2ـی نیسانی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە سەر زاری سێ دیبلۆماتکار، ڕایگەیاندبوو "ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر و پسپۆڕی تایبەت بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران کۆ بوونەوە باسیان لە گرژییەکانی ئەم دوایانەی نێوان تاران و واشنتن کردووە."
ئەو ئاژانسە ئەمەریکاییە ئاماژەشی دابوو، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە 3ـی نیسانی 2025، سەردانی پاریس دەکات و لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی فەرنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا، پێکەوە لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆ دەبنەوە و باس لە پرسی ئەتۆمی ئێران دەکەن.