ئیسرائیل چەند شوێنێکی لە سووریا بۆمباران کرد

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا ڕایگەیاند: فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند شوینێکیان لە سووریا بۆمباران کرد.
چوارشەممە 2ـی نیسانی 2025، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا "سانا" بڵاوی کردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە ئاسمانی سووریادا دەسوڕێنەوە و چەند شوێنێکیان بۆمباران کردووە، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی گەورەش بیستراون.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی زانستییان لە گەڕەکی مەساکن بەرەزە لە دیمەشق بۆمباران کردووە، تەقینەوەیەکی گەورەش لە ناوەندەکەدا ڕووی داوە.
بە پێی ئاژانسەکە، فڕۆکەکان تەنیا بۆمبارانی دیمەشقیان نەکردووە، بەڵکو فڕۆکەخانەی سەربازیی حەما و دەوروبەری فڕۆکەخانەی T4ـی سەربازیی لە حمسیش بۆمباران کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە ئیسرائیل لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریادا، چەند جارێک ئەو شوێنانەی کە ئەمڕۆ بۆمبارانی کردوون، ئەو کاتیش بۆمبارانی دەکرد، چونکە وەک خۆیان ئاماژەیان پێ دەکەن، لە ڕێگەی ئەو دامەزراوە سەربازییانە چەک و پێداویستی جەنگی بۆ حزبوڵڵای لوبنانی دەگوازرایەوە.