ڕۆژنامەیەک: مەسک ماڵاوایی لە کابینەکەی ترەمپ دەکات
ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سەرۆکی ئەمەریکا و ئیلۆن مەسک لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە بارەی وازهێنانی مەسک لە بەڕێوبەرایەتیی کارامەیی ئەمەریکا کۆ بوونەوتەوە، هاوکات سەرۆکی ئەمەریکا بە ژمارەیەک لە کەسە نزیکەکانی خۆی گوتووە، مەسک بەجێیان دەهیڵێت.
چوارشەممە 2ـی نیسانی 2025، ڕۆژنامە پۆلێتیکۆ پرێس، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووتەوە، ئاماژەی داوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بە ژمارەیەک لە ئەندامانی کابینەکەی و کەسانی نزیکی خۆی گوتووە کە ئیلۆن مەسک، ملیاردێر و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کارامەیی ئەمەریکا، بەم نزیکانە کابینەکەی بە جێ دەهێڵێت.
ئەو ڕۆژنامە ئەمەریکاییە ڕاشیگەیاندووە "دۆناڵد ترەمپ و ئیلۆن مەسک لەم چەند ڕۆژەی دواییدا ئەو بڕیارەیان داوە، کە مەسک بگڕێتەوە سەر بازرگانییەکەی خۆی. بەڵام ئاماژە بە کاتەکە نەکراوە، ئایە بەر لە تەواوکردنی 130 ڕۆژەکەی بەجێ دەهێڵێت یان نە؟"
لەو بارەیەوە ئیلۆن مەسک و بەڕێوەبەرایەتیی کارامەیی ئەمەریکا هێچ لێدوانێکی نەداوە.
هاوکات دوای بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکە، پشکی چەند کۆمپانیایەک لە نێویاندا بەڵێندەرانی حکوومی بەرز بوونەوە، هەرەوەها پشکی کۆمپانیای تێسلا کە پێشتر بە ڕێژەی 2% دابەزیبوو، سەرلەنوێ بە نزیکەی 5% بەرز بووەوە.
ڕۆیتەرز لەسەر زاری سەرچاوەیەک لە کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، وەبەرهێنەرانی کۆمپانیاییەکانی مەسک داوای لێ دەکەن کە بگەڕێتەوە نێو بازرگانییەکەی، چونکە کارەکەی دوای 130 ڕۆژ تەواو دەبێت، لەو بارەیەوەش مەسک چەندین جار لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا کۆ بووتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەشی داوە کە هیچ فشارێک لە مەسک ناکرێت بۆ ئەوەی کارەکەی بەجێ بهێڵێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان لەبارەی وازهێنانی مەسک لە کابینەکەی گوتی: پێم وایە مەسک کەسێکی تایبەتە، بەڵام ئەویش کۆمپانیاییەکی گەورەی هەیە کە دەبێت بەڕێوەی ببات، بۆیە تا ڕادەیەک دەبێت بگەڕێتەوە سەر بازرگانییەکەی، بەراستی ئەویش دەیەوێت بگەڕێتەوە.
هەروەها ئیلۆن مەسک هەفتەی ڕابردوو بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاندبوو، دڵنیایە زۆربەی کارەکانی حکوومەت بەر لە 130 تەواو دەکات بۆ ئەوەی یەک تریلیۆن دۆلار لە خەرجییەکانی فیدراڵی کەم بکاتەوە.
هاوکات دەرکردنی دەیان هەزار کارمەند لەلایەن ئیلۆن مەسکەوە، هەموو ئەمەریکای نیگەران کردووە.
پێشتریش، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕەخنەی لە سیاسەتی ئیلۆن مەسک لە دەرکردنی کارمەندان گرتبوو و لای وابوو کە زۆر پەلە لە دەکردنی کارمەندان دەکرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە سەرەتای دەست بەکاربوونی، ئیلۆن مەسکی کردە بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتیی کارامەیی ئەمەریکا کە تایبەتە بە کەمکردنەوەی خەرجییە زیادەکانی وڵات و کەمکردنەوە کارمەندانی حکوومەت.