ڕووسیا: هێرشکردنە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی تاران نایاساییە و قبووڵکراو نییە

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، هێرشکردنە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی تاران نایاساییە و قبووڵکراو نییە و دەبێتە هۆ کارەساتێکی مرۆیی لە ناوچەکە.

چواڕشەممە 2ـی نیسانی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕاگەیندراوێکی بڵاو کردووەتەوە، تێیدا ئاماژەی داوە، ماجید تەخت ڕەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران و سێرگی ڕیابکۆف، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا گفتوگۆیان بارەی پرسی ئەتۆمیی تاران کردووە. 

هاوکات باسیان لە ڕێوشوێنی هاوبەش کردووە بۆ سەقامگیرکردنی دۆخەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرژیانەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە شێوەیەکی دەستکرد و ناعەقڵانە دروستیان کردووە. 

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، هەر هەڕەشیەک و هێرشکردنە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران نایاساییە و قبووڵ کراو نییە، چونکە دەبێتە هۆی کارەساتێکی مڕۆیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.

پێشتر، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا ڕایگەیاندبوو، ئامادەنە لە بارەی پرسی ئەتۆمی تاران نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئەمەریکادا بکەن.

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە 2ـی نیسانی 2025، ژان نۆیەل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرنسا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕایگەیاندبوو، دەرفەتێکی نوێ بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بۆ سنووردارکردنی پرۆگرامی ئەتۆمی ئەو وڵاتە هەیە.

هەروەها هۆشداریشی دا، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە نەکرێت، ئەوە پێکدادانی سەربازی لە ناوچەکە دەبینین.