کەرکووک.. بەهۆی خۆڵبارینەوە ژمارەیەک هاووڵاتی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون

 پێنجشەممە، 3ـی نیسانی 2025، بەپێی زانیارییەکانی هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24، ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین زۆربەی شار و شارۆچکەکانی عێراقی گرتەوە.

گوتیشی: فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک دوێنێ ئێوارە ڕایگەیاند "ئامادەکاری تەواویان بۆ ئەو کەسانە کردووە کە تووشی تەنگەنەفەسی دەبن."

دەشڵێت: سەر لە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە ژمارەیەک هاووڵاتیی کەرکووک بەهۆی خۆڵبارینەوە تووشی تەنگە نەفەسی بوون و گەیەنرانە نەخۆشخانەکان.

ئاماژەی بەوەش دا، بەپێی ئەو ئامارەی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک بڵاوی کردووەتەوە، لە نەخۆشخانەی کەرکووکی فێرکاری 36 کەس، لە نەخۆشخانەی ئازادی کەرکووک 23 کەس داخل کراوە، هەروەها لە شارۆچکەی داقوقیش 60 کەس بەهۆی تەنگەنەفەسی داخلی نەخۆشخانە کراون کۆی گشتیی نەخۆشەکان دەکاتە 119 کەس.

هەروەها زۆرێک لە نەخۆشەکان بەهۆی تەنگەنەفەسی زۆرەوە، تاکوو کاتژمێر 9:00ـی ئەم بەیانییە لە نەخۆشخانە مابوونەوە، لە چەند کاتژمێرێکی داهاتوودا ئەوانیش نەخۆشخانەکە جێ دەهێڵن، سەرجەمیشیان چارەی پزیشکیان وەرگرتووە.

ڕاشیگەیاند "لەسەرەتای خۆڵبارینەکە هەڵمەتێکی هۆشیاریی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکووک بڵاو کرایەوە، داوای لە شۆفێران و هاووڵاتییان کرد هەر کەسێک گەشتی هەیە لە شەودا ئەو گەشتە نەکەن و دوای بخەن بۆ بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، تاکوو ڕووداوی هاتوچۆ ڕوو نەدات."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment