چاکسازی لە کێڵگەی کۆڕمۆر دەکرێت و بەرهەمهێنانی کارەباش زیاتر دەبێت
بەهۆی پرۆسەی سازدانەوە و چاکسازیی لە کێڵگەی کۆرمۆر، ئاستی خزمەتگوزاریی کارەبا لە وەرزی هاویندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە
پێنجشەممە، 03-04-2025، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشیان لەبارەی پرۆسەی چاکسازیی لە کێڵگەی کۆرمۆر و باشترکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا لە وەرزی هاویندا بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ هاتنی وەزی هاوینی ئەمساڵ، کۆمپانیای (دانە غاز) دەست بە پرۆسەی سازدانەوە و چاکسازیی لە کێڵگەی کۆرمۆر دەکات. ئەم پرۆسەیە لە کاتژمێر 12:00ـی ئەمشەوی پێنجشەممەوە، 03-04-2025، دەست پێ دەکات و سێ هەفتە دەخایەنێت."
باس لەوەش کراوە "هەریەک لە وەزارەتی کارەبا، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و کۆمپانیای (دانا غاز) هەماهەنگی نزیکیان دەبێت بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو جێبەجێ بکرێت."
هەردوو وەزارەتەکە ئەوەشیان خستووەتە ڕوو، چاوەڕوان دەکرێت لە ڕێگەی پرۆسەی سازدانەوە و چاکسازی لە کێڵگەی کۆرمۆر، ئاستی خزمەتگوزاریی کارەبا لە وەرزی هاویندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە سەرەتای مانگی ئادارەوە ئاستی بەرهەمهێنانیان لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ 525 ملیۆن پێ سێجای ڕۆژانە بەرز کردووەتەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئاستی بەرهەمهێنان لەو کێڵگەیەدا لە ساڵی 2017ـەوە بە ڕێژەی 75% زیادی کردووە، ئەمە جیا لە 15 هەزار و 200 بەرمیلی لە پێکهاتەی خەستبووی غازەکە، هەزار و 70 تۆنی ڕۆژانە لە پێکهاتەی دیکە کە بەغازی نەوتیی ناسراوە بەرهەم دەهێنرێت.