لە کەناراوەکانی یۆنان تەرمی حەوت کۆچبەر دۆزرایەوە و ژمارەیەکیش ڕزگار کران

ژمارەیەک کۆچبەر لە  کەناراوەکانی یۆنان (ئەرشیف)
ژمارەیەک کۆچبەر لە کەناراوەکانی یۆنان (ئەرشیف)

پاسەوانی سنووری دەریایی یۆنان ڕایگەیاند، بەهۆی نقووم بوونی بەلەمێکی کۆچبەرانی نایاسایی لە نزیک دوورگەی لێسبۆسی یۆنان حەوت کۆچبەر خنکاون و توانراوە 23 کۆچبەری دیکەش ڕزگار بکرێن.

پاسەوانی سنوورە ئاوییەکانی یۆنان ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی نیسانی 2025، ڕایگەیاند، زانیارییە سەرەتاییەکان باسیان لە دۆزینەوەی تەرمی چوار کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ئیجە دەکرد، بەڵام دوای گەڕانی تیمەکانی پاسەوانی سنوور سێ تەرمی دیکەش دۆزرانەوە.

هەروەها ڕایگەیاندووە، ئەو بەلەمەی تێکشکا بوو، نزیکەی 30 کۆچبەری نایاسایی تێدا بووە بەهۆی خراپی کەشوهەواوە نقووم بووە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی پاسەوانی دەریایی یۆنان، لە نێوان قوربانییەکاندا چوار ئافرەت و دوو منداڵ هەن، کە یەکێکیان کوڕە و ئەوی دیکەشیان کچە، بەبێ ئەوەی ڕوونکردنەوەی زیاتر لە بارەی ناسنامەی کۆچبەرەکان ئاشکرا بکات.

هەروەها ئاماژەی داوە، کۆچبەرەکان لە کەناراوەکانی تورکیاوە بە قاچاخ بەرەو سنوورەکانی یۆنان بەڕێ کەوتوون، ئەمەش لە کاتێکدایە مانگی ڕابردووش کۆچبەرێکی نایاسایی لە کەناراوەکانی یۆنان بە خنکاوی دۆزرایەوە و 18 کۆچبەری دیکەش لە خنکان ڕزگار کراون.

هاوکات، بە گوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکوو ئێستا نزیکەی نۆ هەزار کۆچبەر لە ڕێگەی دەریاوە گەیشتوونەتە یۆنان.

هەروەها بەپێی ئامارێکی فەرمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی رابردوو (2024) دا زیاتر لە 54 هەزار کۆچبەری نایاسایی هەوڵی پەڕینەوەیان داوە بۆ وڵاتانی ئەورووپا، لە نێویاندا نزیکەی 2500 کۆچبەر لە دەریادا خنکاون.