ئیتاڵیا بڕێکی زۆری دەرزیی ڤیتامین"دی" دایە وەزارەتی تەندروستی
هێزی هاوپەیمانانی ئیتاڵیا بڕێکی زۆری دەرزیی جۆری ڤیتامین"دی"ـیان ڕادەستی وەزارەتی تەندروستی کرد.
پێشنیوەڕۆی پێنجشەممە، 03-04-2025، لە ڕێوەڕەسمێکدا لە هەولێر، بڕێکی زۆری دەرزیی جۆری ڤیتامین"دی" لایەن تیمی پزیشکیی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانانی ئیتاڵیاوە ڕادەستی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا.
ڕێوڕەسمەکە لە ژێر ناونیشانی "برایەتیی نێوان گەلان دەتوانێت هەموو سنوورەکان ببڕێت" بەڕێوە چوو و هەر یەکە لە د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ نیكۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق؛ د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر؛ تۆماسۆ سانسۆن، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا؛ تیمی سەربازی هاوپەیمانانی ئیتاڵیا؛ فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا و تیمی پزیشکی سەربازی ئیتاڵی لە هەرێمی کوردستان، ئامادەی بوون.
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: سوپاس و دەستخۆشیی بێپایانمان ئاراستەی گەل، حکوومەت، باڵیۆز، کونسوڵی گشتی، هێزەکانی هاوپەیمانانی ئیتاڵیا و ڕێکخراوەکانی ئیتاڵیا و دۆستەکانمان دەکەین کە لە ساڵانی ڕابردوودا و تاوەکوو ئێستەش ڕۆڵی گەورەیان لە هاوکاریی و پاڵپشتیی دامودەزگاکانی تەندروستی هەبووە و چەندان جار پرۆژەی گەورە و خێرخوازی جۆراوجۆریان هەبووە.