ڕوبیۆ: ئەمەریکا بە مەرج لە ناتۆ دەمێنێتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەنگۆی کشانەوەی وڵاتەکەی لە هاوپەیمانیی ناتۆ ڕەت کردەوە و داواشی لە ئەندامانی ئەو هاوپەیمانییە کرد بودجەی گشتیی بەرگریان بە ڕیژەی 5٪ بەرز بکەنەوە.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە سەردانەکەی بۆ برۆکسل و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی ناتۆ گوتی: ئەو نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەی هەندێک لە مێدیا ناوخۆییەکان لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناتۆ بڵاویان کردووتەوە زۆر بێ بنەمان و بابەتەکە زیاد لە پێویست گەورە کراوە.

هەروەها ڕاشیگەیاند، دۆناڵد ترەمپ بە ئاشکرا پابەندبوونی خۆی بە ناتۆ دەڕبڕیوە کە لەو هاوپەیمانییە دەمێنێتەوە و  بە هیچ شێوەیەک لە دژی ئەو هاوپەیمانییە نییە، بەڵکوو دژی ئەو ئەندامانەیە کە پابەندیی یاساکان نابن.

مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لەو بارەوەی گوتی: لە چەند مانگی رابردوو شتی زۆر گرنگ ڕوویان داوە، سەدان ملیار یۆرۆ بۆ بودجەی هاوپەیمانییەکە زیاد کراوە، ئەمەش بۆ یەکەم جارە دوای جەنگی سارد بودجەی ناتۆ بۆ ئەو ئاستە بەرزبێتەوە.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕەخنەی لە هاوپەیمانی ناتۆ گرتبوو و داوای لێ کردبوون کە بودجەی بەرگریان بە کۆی گشتیی بە ڕێژەی 5٪ زیاد بکەن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەو بارەیەوە گوتی: دەبێت هەموو ئەندامانی هاوپەیمانی ناتۆ پابەندی بەڵێنەکانیان بن و بەو ڕێژەی کە سەرۆکی ئەمەریکا دیاری کردووە بودجەی بەرگریان زیاد بکەن.

ڕوونیشی کردووە کە ئەو کارە لە ماوەی ساڵێک و دوو ساڵ ناکڕێت، بەڵکوو ڕێڕەوێکی دروست و دڕێژی دەوێت.

هەروەها دۆناڵد ترەمپ لە گوتارەکەی دوێنێ شەو لە بارەی سەپاندنی باج بەسەر وڵاتان رەخنەی لە وڵاتە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا گرت و گوتی: هەندێکجار هاوڕێیەکانمان لە دوژمنەکانمان خراپترن، دەیان ساڵە لەلایەن وڵاتانی دۆست تاڵان دەکرێین و خەونەکانمان دەدزرێن.

ڕۆژی چوارشەممە 2ـی نیسانی 2025، مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ، ڕایگەیاندبوو، دڵنیایە کە ئەمەریکا لە هاوپەیمانی ناتۆ دەمێنێتەوە. 

هەروەها گوتیشی: ڕاستە گفتوگۆی توند هەبووە، بەڵام ئەمەریکا چەندین جار دووپاتی کردووتەوە کە لە هاوپەیمانییەکە دەمێنێتەوە و پابەند دەبێت بە بڕگەی پێنجەمی هاوپەیمانەکە.