کاردانەوەی وڵاتان لەسەر بڕیاری ترەمپ بۆ سەپاندنی باجی زیاتر

دوای ئیمزاکردنی بڕیاری سەپاندنی پێناسەی گومرگ بە سەر وڵاتان لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاوە، زۆرێک لە وڵاتان کە بەشێکیان هاوپەیمانیی ئەمەریکان ڕەخنەیان لە بڕیارەکە گرت و هەندێکشیان بەڵێنیان دا کە باجی زایاتر بەسەر ئەمەریکا بسەپێنێن و هیواشیان خواست کۆشکی سپی لەم بارەوە بۆ گفتوگۆ ئامادە بێت.

چین

چین داوای لە ئەمەریکا کرد ڕێژەی باجەکان کەم بکاتەوە و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانیان بکەن، هۆشداریشی دا ئەو جۆرە بڕیارانە گرژییەکان زیاد ده‌کەن و دەبێتە هۆی شێواندنی ئابووریی جیهان و تێکدانی زنجیرە گەیاندنی جیهانی.

وەزارەتی بازرگانی چین ڕایگەیاند، ئەم کارەی ئەمەریکا بەرژەوەندییەکانی پشتگوێ خستووە ساڵانێکە لە ڕێگەی دانوستانە بازرگانییە فرەلایەنەوە دروست بووە.

ئاماژەیشی دا، چین بە توندی دژی ئەم هەنگاوە دەوەستێتەوە، هاوکات جەنگیی بازرگانی هیچ براوەیەکی نییە، چارەسەری ئەو کێشانەش تاکە بژاردەیە.

یەکێتیی ئەورووپا

ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا گوتی: دەرئەنجامی بڕیارەکان بۆ ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا سەخت دەبن، ئاماژەشی دا، ئەگەر پێویست بکات ئامادەنە وەڵامی پێناسە گومرگییەکانی ترەمپ بدەنەوە و ڕێوشوێنی زیاتر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان دەگرنە بەر.

فەرەنسا

ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە میانی کۆ بوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی پیشەسازانی فەرەنسا لە بارەی سەپاندنی پێناسەی گومرگی بە سەر وڵاتەکەی لەلایەن ترەمەوە ڕایگەیاند، دەبێت هەموو ئەو پرۆژە وەبەرهێنەرانەی ئێستا جێبەجێ دەکرێن و ئەوانەی لە داهاتووش دەچنە واری جێبەجێکردنەوە بوەستێن، تاوەکوو ئەو بابەتە لەگەڵ ئەمەیکا ڕوون دەکەینەوە.

فرانسوا بایرۆ، سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا گوتی، ئەو پێناسە گومرگییە لە بنەڕەتدا هەڵەیە و هێرشیشیە بۆ سەر سیستەمێکی بازرگانی جیهانی کە کاریگەری بەسەر خۆشگوزەرانی لە سەرانسەری جیهاندا دەبێت.

کەنەدا 

مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردووتەوە، تێیدا ئاماژەی داوە، بە وەڵامدانەوەی پێناسەی گومرگی زیاتر وەڵامی بریارەکەی ترەمپ دەدەینەوە، کرێکارانمان دەپارێزین و ئابووریەکی بەهێزیش لە گرووپی حەفت بنیاد دەنێێن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە قەیرانێکی ئاوادا گرنگە کە بەیەوەک کۆببینەوە، ڕووبەرڕووی ببینەوە.

ئەڵمانیا 

ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوایین باجەکانی ترەمپ بە هێرشکردنە سەر سیستەمێکی بازرگانی و خۆشگوزەرانی لە سەرانسەری جیهاندا ناوبرد.

ئاماژەشی دا، ئەگەر دانوستانەکان لەبارەی پێناسە گومرگییەکان شکستیان هێنا، ئەوە یەکیتیی ئەورووپا وەڵامی ئەو باجانە دەداتەوە.

شۆڵز ڕاشیگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا بەهێزترین بازاری هەیە لە جیهاندا بە قەبارەی  450 ملیۆن بەکارهێنەر، ئەمەش هێزمان پێدەبەخشێت لەگەڵ حکوومەتی ئەمەریکا گفتوگۆ بکەین بۆ ئەوەی ڕێگری لەو شەڕە بازرگانییە بکەین، چونکە ئێمە ئەو شەڕەمان ناوێت دەمانەوێت پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانمان بکەین.

ئیتاڵیا 

جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، ئەو باجانە زیانی بۆ هەموو لایەک دەبێت.

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئیتاڵیا ئامانجیەتی دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمەریکا بکات بۆ ئەوەی ڕێگری لە شەڕی بازرگانی بکات کە ڕۆژئاوا لاواز دەکات.

بەریتانیا

کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ڕایگەیاند: بەریتانیا لە وەڵامی باجەکانی ترەمپ پەلە ناکات و بە هێواشی وەڵامی دەدەینەوە.

ستارمەر ئاماژەشی دا، بەریتانیا بەو ڕێژەی بۆی دیاری کراوە لە زۆرێک لە وڵاتان باشترە.

ئوسترالیا 

ئەنتۆنی ئەلبانیس، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا کە بە دۆستێکی نزیکی ئەمەریکا لە ئاسیا دادەنرێت ڕایگەیاند، ئەمە کردەوەی دۆستانە نییە، ئەو باجانە هیچ بنەمایەکیان نییە، لۆژیکی نین.

ژاپۆن

یۆجی موتۆ، وەزیری بازرگانی ژاپۆن، لە بارەی وەڵامدانەوەی باجەکانی ئەمەریکا گوتی: دەبێت باشترین بڕیار لە بەرژەوەندی ژاپۆن بدەین، بە وردی  و یەکلاکەرەوە مامەڵە بکەین.

فەرمانە مێژووییەکەی ترەمپ بۆ سەپاندنی پێناسەی گومرگی بەسەر وڵاتان

چواشەممە 2ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، فەرمانێکی مێژوویی ئیمزا دەکات کە لە 9ـی نیسانەوە گومرگ بەسەر تەواوی وڵاتاندا دەسەپێنێت، هەموو ئەو وڵاتانەش بە بەپرسیار دەزانێت کە مامەڵەی خراپیان لەگەڵ ئەمەریکا کردووە.

سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاریشی دا، بە ڕێژەی 10% پێناسەی گومرگی بەسەر هەموو کەلوپەل هاوردەکانی ئەمەریکادا بسەپێنێت، هاوکات بە ڕێژەی 25% پێناسەی گومرگی بەسەر ئۆتۆمبێل و کۆمپیوتەر و لاپۆتۆپ دەسەپێنێت، کە لە دەرەوەی ئەمەریکا دروست دەکرێن.

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەشی دا، ئەورووپا لە کاتێکدا هیچ بەرهەمێکی ئەمەریکا هاوردە ناکات، کەچی گومرگیان بەسەر ئێمەدا سەپاندووە،  بۆیە بە ڕێژەی 20% گومرگ بەسەر ئەورووپا دەسەپێنین.

ڕەخنەشی لە وڵاتە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا گرت و گوتی: هەندێکجار هاوڕێیەیکانمان لە دوژمنەکانمان خراپترن، دەیان ساڵە لەلایەن وڵاتانی دۆست تاڵان دەکرێین و خەونەکانمان دەدزرێن، بەڵام ئێستا کاتی هاتووە ئەمەریکا قازانج بکات، تا بتوانین ئۆتۆمبێڵ، بەلەم و بەرهەمی تایبەت بە خۆمان دروست بکەین.

لیستی وڵاتان و ئەو ڕێژەی پێناسەی گومرگیی بەسەر سەپینراوە