سەدان هەزار فەڵەستینی لهژێر ههڕهشهكانی ئیسرائیل شارەکانیان چۆڵ دەکەن
دوای ئەوەی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل دانیشتووانی بەشێک لە شارەکانی کەرتی غەززەیان ئاگەدار کردهوه شوێنەکانیان چۆڵ بکەن و بەرە شوێنێ دیاریکراو بڕۆن، ئەمڕۆ سەدان هەزار فەڵەستینی ماڵهكانیان بهجێهێشت و شارهكانیان چۆڵ كرد.
پێنجشەممە 3ـی نیسانی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردهوە، دوای هێرشە کوشندەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و نزیکبوونەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە شاری رەفەح، سەدان هەزار فەڵەستینی ئەو شارەیان بە جێهێشت و بەرەو ناوچەی سەلامەت بەڕێکەوتن، ئەو ناوچەی کە ئیسرائیل دیاری کردبوو.
هەروەها سەدان هاوولاتیی شاری شوجاعییهی باکووری غەززە، شارەکەیان بەجێهێشت، هەندێکیان لەکاتی ڕۆشتنیان کەلوپەلەکانیان هەڵگرتبوو، هەندێکی دیکەشیان لەسەر عەرەبانە و گوێدرێژ و پایسکیل یان بە ئۆتۆمبێلی ڤان کەلوپەلەکانیان دەگواستەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل فەرمانی بە دانیشتووانهكهی كردبوو کە شارەکە چۆڵ بکەن.
ئوم عاد بەردا، یەکێک لە دانیشتووانی ئەو شارە گوتی: دەمەوێت بمرم. با بمانکوژن و لەم ژیانە ڕزگارمان بکەن. ئێمە ناژین، ئێمە مردووین.
یەکێک لە هاووڵاتییانی فەڵەستین کە باوکی حەوت منداڵە و لە نێوان سەدان هەزار کەس کە بەرەو شاری خان یونسی بەڕێدەکەوتن لە ڕێگەی تۆڕێکی کۆمەڵاتییەوە بە ڕۆیتەرزی گوت: هیچ شتێک نەماوە بە ناوی شاری ڕەفەح، ئەو شارە بە تەواوی دەسڕدرێتەوە.
هەروەها رۆیتەرز لەسەر زاری سەرچاوەیەکی دیکە ڕایگەیاندووە، هێزەکانی ئیسرائیل هەموو ئەو شتانە لهناو دهبهن کە بەجێیان هێشتووە.
هاوکات ئەمەش دەبێتە یەکێک لە گەورەترین ڕاگواستنی خەڵکی فەڵەستین لەو کاتەی جەنگ دەستی پێ کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ ئیسرائیل ڕایگەیاند کە نیازیان وایە لە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیدا ڕووبەرێكی زۆری کەرتەکە بگرن، هاوکات لە باشووری کەرتەکە هێزەکانی ئیسرائیل بەشێکی زۆری ناوچەکەیان کۆنترۆڵ کردووە، کە تاکە پەناگەبوو بۆ هاووڵاتییانی فەڵەستینی.
وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوو نزیکەی 97 هاووڵاتی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون.
ئەو ئاژانسە ئەمەریکییە بڵاوی کردووتەوە، دوای شکستهێنانی ئاگربەستی غەززە، ئەو هێرشانەی ئیسرائیل بارودۆخەکە خراپتر و ئاڵۆزتر دەکات.
هاوکات لە خان یونس کە چەند کەسێک بەهۆی هێڕشەکانی ئیسرائیل کوژران، عادل ئەبو فاخر یەکێک لە دانیشتووانی ئەو شارە گوتی: هیچ شتێک بۆ ئێمە نەماوە. ئێمە لەکاتی خەودا دەکوژرێین.
سامین ئەلخیتان، گوتەبێژی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی 28ـی ئاداری 2025، ڕایگەیاندبوو، ڕاگواستنی هاووڵاتییانی فەڵەستین بە زەبری هێز لە زێدی خۆیان لەلایەن ئیسرائیلەوە دژی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە.
گوتیشی: زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی باکووری غەززە فەرمانی چۆڵکردنی ناوچەکانیان پێکراوە، ئەو هاووڵاتییانەی لە ڕەفح گواستراوەنەتە مەواسی، هیچ گەرەنتیەکی سەڵامەتیان پێنەدراوە، جیا لەوەی ئەو ناوچانەی ئیسرائیل وەکوو شوێنگرەوە دەستنیشانی کردوون، دڵنیایی لە دابینکردنی پاک، تەندروستی و خۆراکی تێدا نییە.