لەسەر گرووپ چاتەکە لێکۆڵینەوە لە وەزیری بەرگریی ئەمەریکا دەکرێت

نووسینگەی پشکێنەری گشتیی پێنتاگۆن ڕایگەیاند، بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیاریی نهێنی وەزارەتەکە، لێکۆلینەوە لە وەزیری بەرگری ئەمەریکا و کارمەندانی دەکەن.

پێنجشەممە 3ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ستیڤن ستیبینز، پشکنەری گشتی پێنتاگۆن بە وەکالەت ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە له‌ پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەکەن بە  هۆی ئەوەی زانیاریی نهێنی لە بارەی هێرشەکەی 15ـی ئاداری ئەمەریکا بۆ سەر حووسیەکانی لە گرووپ چاتێک باس کردووە.

هەروەها ئاماژەشی داوە، مەبەست لەو لێکۆڵینەوە بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئایا وەزیری بەرگری و کارمەندانی دیکەی وەزارەتەکە سیاسەت و ڕێکارەکانی وەزارەتیان پەیڕەو کردووە یاخود نا؟

پێشتر تولسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی و جۆن ڕاتکلیف، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندبوو، هیچ زانیارییەکی نهێنی بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام دوای ئەوەی لەلایەن دیموکراتەکان فشاریان لێ کرا، گوتیان ئەوە بەرپرسیارەتی پێت هێگسێت، وەزیری بەرگری ئەمەریکایە، کە دەبووایە کام زانیارییە بڵاو بکاتەوە.

جۆن ڕاتکلیف، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی ڕاشیگەیاندبوو، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا دەسەڵاتی هەڵگرتنی زانیارییە نێهنییەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا هەیە، بۆیە ئەو بڕیار دەدات کام زانیاریی نهێنی بڵاو دەکاتەوە.

جاک شومەر، سەرۆکی کەمینەی دیموکراتەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا، ڕەخنە لە هاوبەشکردنی ڕۆژنامەنووسیک لەو گرووپچاتە بە بێئاگاداری پلانی جەنگی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی (پێنتاگۆن) دەگرێت و داوای "لێکۆڵینەوەی تەواو" لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەکات.

جێفری گۆڵدبێرگ، ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکی و نووسەر لە گۆڤاری "ئەتلانتیک" لە گوتارێکدا باسی لەوە کرد "ڕۆژی پێنجشەممە، 13-03-2025، لەلایەن بەرپرسێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمەریکاوە بە هەڵە خراوەتە نێو گرووپچاتێکی "سیگناڵ" کە تێیدا ژمارەیەک بەرپرسی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، زانیارییە تایبەتییەکانی هێرش بۆ سەر حووسییەکانی یەمەنیان، ئاڵوگۆڕ کردووە.