14 ئافرەتی کورد بۆ یەکەمین جار بەشداری پێشانگایەکی شێوەکاریان کرد لە پۆڵەندا

لەژێر ناونیشانی من هەم بۆ یەکەمین جار لەمێژووی هونەری کوردیدا کارێکی هونەریی ژمارەیەک خانمی هونەرمەندی کورد دەبرێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و لەشاری کراکۆڤی پۆڵەندا نمایشێکی هونەری بەڕێوەچوو.
هەینی، 4ـی نیسانی 2025، بۆ یەکەمین جار لەژێر ناونیشانی من هەم ژمارەیەکی ئافرەتی کورد بەشداری پێشانگایەکی تایبەتی شێوەکاریان کرد لە پۆڵەندا، شوێنی بەڕێوەچوونی هۆڵەکە یەکێکە لە کۆنترین هۆڵە هونەرییەکانی پۆڵەندا و مێژووی دروستکردنی بۆ 130ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
ئەم نمایشە لەژێر چاودێری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا و بە هەماهەنگی ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کوڵتور بەڕێوەچوو.
پێشانگای خانمە هونەرمەندەکانی کورد لە پۆڵەندا لە 14 ئافرەت پێکهاتبوون و زۆرینەیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن، ئافرەتانی شێوەکار بە فۆڕمێکی مۆدێرن توانیان تێکەڵکێش بکەن لەگەڵ بیرۆکە جیهانییەکان و سەرنجی ئامادەبووانی ڕاکێشا.
پێشانگاکە تاوەکوو سەرەتای مانگی داهاتوو بەردەوامی دەبێت.