ڕوبیۆ: لەم هەفتەیەدا نیاز و جیددی بوونی ڕووسیا لەبارەی ئاشتی دەردەکەوێت

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت: هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێستی ڕووسیا بەرانبەر پرۆسەی ئاشتی لە ئۆکرانیا دەکەین، ئاماژەشیدا، بە زووترین کات دەردەکەوێت ڕووسیا جددییە یان نە.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی 4ـی نیسانی 2025، لە کۆبوونەوەی ناتۆ لە بڕۆكسل ڕایگەیاند، لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا بۆیان دەردەکەوێت ئایە ڕووسیا بۆ ڕاگرتنی جەنگ و پرۆسەی ئاشتی لە ئۆکرانیا بە پەرۆش و جیددیە یان نە، هیواشی خواست، ڕووسیا بۆ ئەم دەرفەت جیددی بێت.

گوتیشی: ئەگەر درەنگ وەڵامدانەوەیە ڕووسیا فێڵ و تەڵەکە بێت، ئەوە دۆناڵد ترەمپ ناکەوێتە دوای ئەو تەڵە.

ڕوبیۆ دەڵێت: تەنیا هەڵسەنگاندن بۆ قسەکانی ڕووسیا ناکەین، بەڵکو بۆ ڕەفتارەکانیشیان دەکەین، تاوەکوو بزانین ئایە ڕاستگۆن و ئاشتیان دەوێت یان نە. گوتیشی: مەبەستمانە بە زووترین کات بۆمان دەربکەوێت.

هەر لەمبارەوە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەک لە کۆشکی سپی بڵاوی کردووەتەوە، چەند بەرپرسێک لەنێو کۆشکی سپی لە کردەوەکانی ڕووسیا بەرانبەر دەستپێشخەرییەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕاگرتنی جەنگی سێ ساڵەی ئۆکرانیا نیگەرانن.

سێشەممە 25ـی ئاداری 2025، کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، ڕووسیا و ئۆکرانیا گەیشتوونه‌ته‌ ڕێککەوتن کە کەشتییەکانیان لە دەریای ڕەش ڕووبەڕووی یەکتر نەبنەوە و ڕێگریی لە جووڵه‌ی ده‌ریایی یەکدی نەکەن، بەڵام دوای دووجار لە دانوستانی شاندی ئەمەریکی و ڕووسی لە ڕیاز بۆ ئاگربەستی جەنگی ئۆکرانیا، هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ ئاگربەست و ئاشتی نەگیراوەتەبەر.