مارک ڕوتە: ترەمپ پشت لە ناتۆ ناکات
سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ پشت لە ئەندامانی هاوپەیمانییەکە ناکات و هێزەکانیان لە ئەورووپا و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی ناتۆ دەمێننەوە، ئاماژەشیدا، داواکارییەکەی ترەمپ بۆ زیادکردنی خەرجی گشتیی هاوپەیمانییەکە لە جێگەی خۆیەتی و لە بەرچاوی دەگرن.
مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ ئەمڕۆ هەینی 4ـی نیسانی 2025، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی گوتی: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پابەندبووە بە بڕگەی پێنجی هاوپەیمانییەکە، کە بڕگەکە تایبەتە، بە پشتیوانی وڵاتانی هاوپەیمانییەکە لە یەکتری، ئەگەر هاتوو هەر یەکێک لە وڵاتە هاوپەیمانەکان هێڕشی بکرێتە سەر، لە ناوەرۆکی بڕگەکەدا هاتووە، هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێکی نێو هاوپەیمانیی ناتۆ، وەکوو ئەوەیە هێرشکرابێتە سەر هەموو ئەندامانی هاوپەیمانییەکە.
هەروەها دوپاتیشی کردەوە کە ئەمەریکا وەکوو هێزی سەربازی و ئەتۆمی هیچ نیازێکی نییە، ناتۆ و ئەورووپا جێهێڵێت، تەنیا سەرنجیان لەسەر ئەوەیە هاوسەنگی ڕابگرن.
سکرتێری گشتیی ناتۆ لەسەر پرسی بودجەی بەرگری ناتۆ، گوتی: پرسی زیادکردنی بودجەی بەرگری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هاوڕام، بە تایبەت لە بارەی پرسی ئۆکرانیا و کۆتایی هێنان بە جەنگی ئەو وڵاتە، چونکە ئۆکرانیا ناوچەیەکە لە سنووری ناتۆ.
ڕوتە ڕاشیگەیاند، بۆ هەڵسەنگاندنی پێداویستی سەربازی هاوپەیمانییەکە پرۆسەیەکیان دەست پێکردووە، ئەمەش وەکوو دەست پێشخەری بۆ دەستنیشان کردنی خەرجییەکانی هاوپەیمانییەکە بەر لە بەستنی لووتکەی داهاتووی ناتۆ، کە بڕیارە لە مانگی حوزەیران ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو، ئەمەریکا تەنیا پارێزگاری لەو ئەندامانەی ناتۆ دەکات، کە بودجەی بەرگریان زیاد دەکەنەوە، داواشی لە هەموو ئەندامان کردبوو بە ڕێژەی 5% بودجەی گشتیی بەرگریان بەرزبکەنەوە.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش ڕایگەیاندبوو، دۆناڵد ترەمپ بە ئاشکرا پابەندبوونی خۆی بە ناتۆ دەڕبڕیوە کە لەو هاوپەیمانییە دەمێنێتەوە و بە هیچ شێوەیەک لە دژی ئەو هاوپەیمانییە نییە، بەڵکو دژی ئەو ئەندامانەیە کە پابەندیی یاساکان نابن.