ترەمپ: ئەوەی دەستمان پێکردووە شۆڕشی ئابوورییە و براوەش دەبین

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بەهۆی سەپاندی باجی گومرگی بەسەر وڵاتان، هەلی کار و جموجووڵی بازرگانیان بۆ نێو کۆمپانیا ئەمەریکییەکان گەڕاندووه‌تەوە، ئاماژەشی دا ئەوەی دەستیان پێ کردووە شۆڕشی ئابوورییە و براوە دەبن.

شەممە 5ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیاڵ تروس، نووسیویەتی: جموجووڵی بازرگانی و هەلی کارمان بۆ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان گەڕاندووتەوە، زیاتر بە بەهای پێنج ملیار دۆلار وەبەرهێنان کراوە، ئەو ڕێژەیەش هەر لە بەرزبوونەوەدایە. ئاماژەشی داوە، ئەوە شۆرشی ئابوورییە و لەوەش براوە دەبین.

دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: بەهۆی بڕیاری سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر وڵاتان، چین زۆر زیاتر لە ئەمەریکا زیانی بەرکەوتووه‌، بەشێوەییەک هەر بەراورد ناکرێت.

سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتیشی کردووەته‌وه‌، چین و بەشێکی زۆر لە وڵاتان بەشێوەیەکی زۆر خراپ و نەگونجاو مامەڵەیان لەگەڵ ئەمەریکا کردووە، ئەمەریکاش زۆر نەفام و داماو بوو، بەڵام چیر بەو شێوەیە نامێنێتەوە.

شەممە 2ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بڕیارێکی ئیمزاکرد کە تێیدا باجی گومرگی بەسەر 180 وڵات سەپاند، لە نێوینادا چین کە بە ڕێژەی 34% باجی گومەگی بەسەر سەپاند، بەمەش لەگەڵ 20% باجی گومرگی کۆی گشتیی باجی گومرگی بۆ سەر چین گوشتە 54%.

وەزارەتی دارایی چین ڕۆژی هەینی 4ـی نیسانی 2025 لە وەڵامی باجەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر وڵاتەکەی ڕایگەیاندبوو، هەر کەلوپەلێک لە ئەمەریکەوە هاوردە بکرێت 34% باجی زیاتری گومرگی لێوەر دەگیرێت.

وەزارەتەکە ڕاشیگەیاندبوو، هەناردەکردنی حەوت کانزای دەگمەنی بۆ ئەمەریکا سنووردار کردوە، لەوانە گادۆلینیۆم کە بە پێکهاتەیەکی کیمیایی سەرەکییە لە ئامێری وێنەگری موگناتیزی (MRI) لەگەڵ ماددەی ئیتریۆم کە لە تەکنەلۆژیای ئامێرە ئەلیکترۆنییەکاندا بەکار دەهێنرێت.

هەروەها چین لە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی سکاڵای لە ئەمەریکا و لەسەر بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەپاندنی باجی گومرگی تۆمارکردووە.