ئەمڕۆ رۆژی جیهانی وەرزش بۆ پەرەپێدان و ئاشتیە

رۆژی جیهانی وەرزش
رۆژی جیهانی وەرزش

رۆژی شەشی نیسانی هەموو ساڵێک، رۆژی جیهانی وەرزشە بۆ پەرەپێدان و ئاشتی، یاری و بۆنە وەرزشییەکان بوونەتە خاڵی بەیەکتر گەیشتنی گەلانی جیهان، تاوەکو بتوانن ئاشتییانە لەگەڵ یەکدی مامەڵە بکەن، تەنانەت ئەو گەل و وڵاتانەی دوژمنیشن و وەرزشوانان خۆیان لە سیاسەت بەدووردەگرن و داوا دەکەن سیاسەت لەگەڵ وەرزش تێکەڵ نەکرێت، بەڵام لە هەندێك حاڵەتدا رووداوە سیاسییەکانیش کاریگەریان لەسەر وەرزش هەبووە.
نەتەوەیەکگرتووەکان رێککەوتی 6ـی نیسانی هەموو ساڵێکی وەكو '' رۆژی جیهانی وەرزش بۆ پەرەپێدان و ئاشتی '' بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2013 دەستنیشان کردووە.
ئامانجەکەش لەو کارە دانپێدانانە بە هێزی وەرزش لە هاندان بۆ گۆڕانکاری ئەرێنی و دروستکردنی پرد و بەزاندنی بەربەستەکان.
دروشمی ئەمساڵی نەتەوەیەکگرتووەکان بریتییە لە زیادکردنی دەرفەت بۆ یەکسانی: وەرزش بۆ گشگتگیری کۆمەڵایەتی.
وەرزش پردی بە یەکگەیشتنی دوژمنانە، بۆ نموونە ئەمریکا و ئێران لە جامی جیهانی یاری تۆپی پێ لە ساڵی 2022 لە قەتەڕ، هەڵبژاردەی هەردوو وڵات سەرەڕای پەیوەندییە گرژەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، رووبەرووی یەکدی بوونەوە.
کۆریای باکوور و کۆریای باشوور، نزیکەی 75 ساڵە لە حاڵەتی جەنگدان، بەڵام لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی زستانە لە 2018 لە پیۆنگ چانگ، کۆریای باشوور، هەردوو وڵات تیپێکی هاوبەشیان بۆ هەڵبژاردەی ئافرەتان لە یاری هۆکی سەر سەهۆڵ پێکهێنا و بووە سیمبولێکی پڕۆسەی ئاشتی نێوانیان.
پاکستان و هیندستان، نزیکەی 80 ساڵە چەندین جار لە جەنگدا بوونە و کێشەی خاك و سنووریان هەیە، بەڵام لە جامی جیهانی یاری کریکت لە 2019 لە ئینگلاند و وەیڵز، هەڵبژاردەی هەردوو وڵات رووبەرووی یەکدی بوونەوە بێ ئەوەی گرژییە سیاسییەکان کاریگەری لەسەر یارییەکە هەبێت.
سەرەڕای بوونی چەندین حاڵەتی دیکە، بەڵام چەندین جاریش کێشە سیاسییەکان کاریگەریان لەسەر وەرزش هەبووە، بۆ نموونە لە جامی جیهانی یاری تۆپی پێ لە ساڵی 2022 لە قەتەڕ، بە تۆمەتی گەندەڵ و گومانی خراپ مامەڵەکردنی قەتەڕ لەگەڵ هاوڕەگەزخوازان و کرێکارە بیانییەکان، چەندین رێکخراو داوای بایکۆتی ئەو بۆنە وەرزشییەیان کرد.
هەر لە هەمان بۆنەی وەرزشی، بەهۆی بڕیاری مۆسکۆ بۆ هێرشکردنەسەر خاکی ئۆکرانیا، هەڵبژاردەی رووسیا دوورخرایەوە و رێگەی پێنەدرا بەشداری لە مۆندیالەکە بکات.
یەکێك لە بەناوبانگترین رووداوی گرژی سیاسی لە یاری وەرزشی، هێرشەکەی ساڵی 1972 یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی میونشن بوو، کاتێك هەشت چەکداری فەڵەستینی هێرشیان کردەسەر یاریزانەکانی ئیسرائیل و 11 یاریزانی ئیسرائیلی رفێندران و دووانیشیان کوژران.