9 نیشانە دەریدەخەن ئەو کەسەی پەیوەندیت لەگەڵی هەیە شیاوە بۆ هاوسەرگیریی

چۆن بزانین کەسەکە ئەوەیە کە دەتوانن بۆ ماوەیەک زۆر لەگەڵی بژین؟

K24- هەولێر:

یەکێک لە بڕیارە سەخت و ئاڵۆزەکانی ژیان، بڕیاری هاوسەرگیریی و مانەوە لەگەڵ کەسێکە بۆ تەواوی ژیانت، بەجۆرێک کە دڵنیابیت ئەو کەسە ئەوەیە کە تۆ دەتوانیت لەگەڵی هەڵبکەیت و خۆشتبوێت لە داهاتووش.

رۆژنامەی ئیندیپێندتی بەریتانی، توێژینەوەیەکی لەوبارەوە کردووە و بۆچوونی چەند شارەزایەکی وەگرتووە، ئەمانەی خوارەوە ئەو خاڵانەن کە دەبێت بەدوایدا بگەڕێیت:

دۆزینەوەی خاڵی رێککەوتن

یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی سەرکەوتنی هەر پەیوەندییەک تێگەیشتنە لە چۆنیەتی رێککەوتن لەسەر شتێک کە بۆچوونی جیاوازی لەسەرە. ئەگەر هەردوولا لەو حاڵەتانە لە نێوان رەش و سپی، لەبەریەکتر رەساسیان هەڵبژارد، ئەوا ئەو دوو کەسە سەرکەوتوو دەبن.

وات لێدەکات بۆچوونت بەرامبەر بە خۆت باش بێت

جەیمس پریس، توێژەری کۆمەڵایەتی دەڵێت، ئەو کەسە خۆشی دەوێیت کە وات لێدەکات هەست بە متمانە بکەیت و تێتگەیەنێت کە تۆ چەند کەسێکی گەورە و جیاوازی.

ئەو کەسە دەیەوێت تۆ هەمیشە دڵخۆشبیت و هەرگیز پرسیارت لەبارەی خۆتەوە بۆ دروست نەبێت.

گوێگرێکی باش دەبێت

هاوبەشێکی باش ئەوەیە کە گوێت لێبگرێت، تەنانەت ئەگەر بە قسەکانیشت بێزار بێت.

زۆر گرنگە دوو کەس کە پەیوەندیان هەیە، هەست بەوە بکەن کەسی بەرامبەریان گوێ دەگرێت و تێدەگات.

بوونی بەها و بیرکردنەوەی هاوبەش

زۆر گرنگ نییە ئەو دوو کەسە بە تەواوی لەیەک بچن و حەزەکانیان وەک یەک بێت، بەڵام توێژەران دەڵێن ئەگەر دەتەوێت بتوانی بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ کەسێک هەڵبکەی، ئەوا دەبێت ئەو دوو کەسە ئامانج و بەهاکانی ژیانیان لەیەکەوە نزیک بێت.

بە کورتی، دەبێت ئەو ژیانەی کە هەردووکتان لاتان جوانە و بۆی دەژین، لە یەکەوە نزیک بێت.

گفتوگۆی تەندروست کاتێک کۆک نین

مناقەشەکردن شتێکی خراپ نییە، بەڵکو دەکرێت سوودیشی هەبێت. ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە بزانین، گفتوگۆی ئاسایی جیاوازە لە دەمەقاڵێ. ئەگەر هیچ ترسێکت نییە لە کاتی دەربڕینی بۆچوونی جیاواز و دژیەک، ئەوا ئەو کەسەی خۆشت دەوێت کەسێکی سەرکەوتووە بۆ تۆ.

ئەو کەسانەی لە کاتی گفتوگۆ ترسی ئەوەیان هەیە، پەیوەندییان لەگەڵ بەرامبەریان تێکبچێت، ئەوا دوو کەسی نزیک نین لەیەک.

ناترسی لەوەی ئەو شتانە بڵێی کە لە دڵتایە

ئەو کەسە نابێت حکومدانی هەبێت، دەبێت هەردوولا هەست بە ئازادیی تەواو بکەن کاتێک کەسایەتیی خۆیان دەردەخەن.

بۆیە ئەگەر شتێک لە دڵتایە، بە کەسەکەی بڵێ و لەناو خۆتا مەیهێڵەرەوە، ئەگەر دەشترسی، ئەوا رەنگە ئەو کەسە بۆتۆ گونجاو نەبێت.

سەرنجی تەواو

هیچ شتێک لەوە خراپتر نییە، قسە بۆ کەسێک بکەیت، ئەویش خەریکی سەیرکردنی پۆستی ئینستاگرام بێت و گوێ نەدات بەوەی تۆ دەڵێیت چی.

ئەمە بەشێکی گرنگی ژیانی  مرۆڤە، بە کەم سەیرکردنی دید و بۆچوونەکانی، لە کەسی بەرامبەر دووری دەخاتەوە.

هاوڕێ و خزمەکانت ئەویان خۆشدەوێت

یەکێکی دیکە لە نیشانەکان ئەوەیە، هاوڕێ و خێزانەکەت دڵدارەکەتیان خۆشدەوێت و رێزی لێدەگرن چونکە هەندێکجار کەسانی دەوروبەر زیاتر هەندێک لایەنی کەسەکە دەبینن لە خۆت، رەنگە ئەوان شتێکی نەشیاو ببینن کە تۆ درکت پێ نەکردووە.

شتی بچووکت بۆ دەکەن

گرنگیدان هەیە، مەرج نییە ئەمە بە خەرجکردنی پارەی زۆر و سەفەر و رۆشتن بۆ رێستۆرانت بێت، بەڵکو دەکرێت بە پێشکەشکردنی چایەک بێت. دەکرێت گرنگیپێدانی بچووک، خۆشەویستی دوو کەس بە زیندویی بهێڵێتەوە.