دوکانەکانی بازاڕی قەیسەری ڕادەستى خاوەنەکانیان دەکرێنەوە
کار لە پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کۆتایی هاتووە و بازاڕەكە بە تەواوەتی لەلایەن كاسبكارانەوە دەکرێتەوە.
یەکشەممە، 06-04-2025، ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، کۆتاییهاتنی پرۆژەی نۆژەنکردنەوەى بەشى یەکەمى بازاڕى قەیسەرى، بەشی دووەمى کە بە بەشى شوێنەواری بازاڕی قەیسەریی هەولێر ناسراوە، بەشێوە و دیزاینێکى زۆر جوانتر لە جارانى و لەسەر شێوازیی مێژوویى خۆى نۆژەن کرایەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی پارێزگای هەولێر، لە زووترین كاتدا دوکانەکانی بازاڕی قەیسەری ڕادەستى خاوەنەکانیان دەکرێن و كاسبكارانی بازاڕەكە دەست بە كارەكانیان دەكەنەوە.
لە 5ى نیسانی ساڵى 2024 ئاگر لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر كەوتەوە، نزیكەی 250 دوكان و حەوت كۆگە سووتان، دوای ڕووداوەكەش ڕاستەوخۆ لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەى مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە گوژمەى پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینار، لەسەر بودجەى پارێزگاى هەولێر دەست بە پرۆژەى نۆژەنکردنەوەى بازاڕەکە کرا.