هاووڵاتییانی ئەورووپا و ئەمەریکا لە دژی سیاسه‌ته‌كانی ترەمپ ڕژاونەتە سەر شەقامەکان

هاووڵاتییان لە ژمارەیەک ویلایەت و شاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا و شارەکانی ئەورووپا لە دژی سیاسەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی کارمەندانی حکوومەت، باجی بازرگانی و کەمکردنەوەی ئازادییه‌كان، گرد بوونەوە.

یەکشەممە، 6ـی نیسانی 2025 ، ئاژانسی هەواڵی فەره‌نسی بڵاوی کردووتەوە، بەهۆی ئەو سیاسەتەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پەیرەوەی دەکات، دەیان هەزار هاووڵاتیی ئەمەریکی ڕژاونەتە سەر شەقام، هاوکات ئەمەش دەبێتە گەورترین خۆپێشاندان دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

ئەو ئاژانسە ئاماژەشی داوە، خەڵک لە واشنتن، نیویۆرک، هیوستن، فلۆریدا، کۆلۆرادۆ، لۆس ئەنجلۆس و شارەکانی دیکە لە دژی کەمکردنەوەی کارمەندانی حکوومەت، باجی بازرگانی و کەمکردنەوەی ئازادیی هاووڵاتییان گرد بوونەوە.

شاینا کیسنەر، نیگارکێشێکی نیویۆرکیە، تەمەن 43 ساڵ، یەکێکە لە بەشداربووانی خۆپێشاندانەکە گوتی: "ئەو ماوەیە بە بەردەوامی تووڕە و زۆر شێتم، چونکە کۆمەڵێک کەسی ئیمتیازدار و سپیپێست، تۆمەتبار بە دەستدرێژی، وڵاتەکەمانی کۆنترۆڵ کردووە، ئەوەش شتێکی زۆر خراپە."

هاوكات هاووڵاتییان لە چەند پایتەختێکی ئەورووپاش له‌وانه‌؛ ڕۆما، پاریس و لەندەن دژی ترەمپ و سیاسەتەکەی و بەتایبەت شەڕی بازرگانی گرد بوونەوە.

لیز چەمبەرلین، هاووڵاتییەکی ئەمەریکی و بەریتانییە لە گردبوونەوەکەی لەندەن ڕاگەیاند، هەر چیەک لە ئەمەریکا ڕوو بدات کێشەی جیهانە.