کۆشکی سپی: زیاتر لە 50 وڵات بەمەبەستی رێککەوتنی بازرگانیی پەیوەندییان پێوە کردووین
بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئابووریی نیشتمانیی ئەمەریکا، ڕەتی کردەوە بڕیارەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی باج بەسەر وڵاتان ببێتە هۆی هەڵاوسانی ئابووری؛ دەشڵێت، زیاتر لە 50 وڵات بەمەبەستی رێککەوتنی بازرگانی پەیوەندییان بە کۆشکی سپییهوە کردووە.
یەکشەممە 6ـی نیسانی 2025، کیڤن هاسێت، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئابووریی نیشتمانیی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگهڵ کەناڵی ABC News، ڕەتی کردەوە کە مەبەستی دۆناڵد ترەمپ لە زیادکردنی باجە گورمگییەکان بۆ داڕمانی بازاڕی ئەمەریکا و فشارخستنە سەر یەدەگی فیدراڵی ئەو وڵاتە و دابەزاندنی ڕێژەی سوودی بێت.
ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە ڕاشگەیاند، لەم هەفەتەیە زیاتر لە 50 وڵات بەمەبەستی رێککەوتنی بازرگانی پەیوەندییان بە کۆشکی سپییهوە کردووە.
کیڤن هاسێت، ڕەتی کردەوە سەپاندنی باجەکان ببێتە هۆی هەڵاواسانی ئابووری و گوتی: ڕێژەی هەلی کار لە ڕۆژی هەینییهوه زیادی کردووە بە شێوەیەک کە پێشبینینەکراو بوو، بۆیە ئەو باجانە نابنە هۆی هەڵاوسانی ئابووریی لە وڵات.
لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا دوای ڕاگەیاندنی باجە گومرگییەکان لەسەر 180 وڵات لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکا پشکەکانی ئەو وڵاتە لە بازاڕەکانی بۆرسە بە ڕێژەی 10٪ دابەزیوە.
شەممە 2ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بڕیارێکی ئیمزا کرد کە تێیدا باجی گومرگی بەسەر 180 وڵات سەپاند، بەمەش هەموو وڵاتان لە دژی ئەو بڕیارە نیگەرانی خۆیان دەبڕی و بریارەکەیان بە نابەجێ وەسف کرد.
هاوکات هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی نیسانی 2025 ، ئاژانسی هەواڵی فەرهنسی بڵاوی کردووتەوە، بەهۆی ئەو سیاسەتەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پەیرەوەی دەکات، دەیان هەزار هاووڵاتیی ژمارەیەک ویلایەت و شارهكانی ئهمهریكا و شارەکانی ئەورووپا لە دژی سیاسەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی کارمەندانی حکوومەت، باجی بازرگانی و کەمکردنەوەی ئازادییهكان ڕژاونەتە سەر شەقام، هاوکات ئەمەش دەبێتە گەورترین خۆپێشاندان دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا.